Accessibility links

مەلاکانی تاڵیبان داوای دانپێدانانێکی نێودەوڵەتی دەکەن بە حکومەتەکەی تاڵیباندا


وتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید
وتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید

دوابەدوای کۆبوونەوە سێ ڕۆژییەکەیان لە کابوڵی پایتەخت، مەلا و سەرۆک هۆزەکانی ئەفغانستان بەڵێنیاندا پشتیوانی لە تاڵیبان بکەن و داواشییان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد دان بە حکومەتەکەی تاڵیباندا بنێت.

هەریەک لە ئەنجومەنی سەرۆک هۆزەکان و ڕابەران و کەسایەتییە دیارەکانی ئەفغانستان بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا کرد و مەبەست لێی تاوتوێکردنی پرسە سیاسییەکانی ئەفغانستان بوو.

بەڵام زۆرینەی بەشداربووان بەرپرسانی تاڵیبان و لایەنگرانی بزووتنەوەکە بوون، زۆربەیان مەلا بوون. ئافرەتان ڕێگەیان پێنەدرا بەشداری بکەن، بەپێچەوانەی کۆبوونەوەکانی پێشووەوە کە حکومەتەکەی پێشووی ئەفغانستان بەڕێوەی دەبردن و ئافرەتان دەیانتوانی بەشداری بکەن. ئەم جۆرە کۆبوونەوەیەش بە لۆیا جیرگا ناسراوە.

تاڵیبان کۆبوونەوەکەی بە کۆڕبەندێک بۆ تاوتوێکردنی ئەو کێشانە ناوبرد کە ڕووبەڕووی ئەفغانستان بوونەتەوە.

مەلا موجیبولڕەحمان ئەنساڕی کە ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو، وتی لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بەیاننامەیەکی یانزە خاڵی دەرکراو و تیایدا داوا لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە ئیسلامییەکان و ئەوانی دیکەش کراوە دان بە حکومەتەکەی تاڵیباندا بنێن، سەرجەم سزاکانی سەر ئەفغانستانی تاڵیبان لاببرێن و سەرمایە سڕکراوەکانی ئەفغانستان لە دەرەوەی وڵات بگەڕێندرێنەوە.

ئەنساڕی وتی زیاتر لە 4,500 مەلای ئیسلامی و سەرۆک هۆزەکان کە بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا کردووە، بەیعەت و وەفای خۆیان بۆ ڕابەری باڵای تاڵیبان هەیبەتوڵا ئاخونزادە نوێ کردۆتەوە.

ڕۆژی هەینی ئاخونزادە کە زۆر بە کەمی دەردەکەوێت لە هەرێمی کەندەهارەوە کە لەوێ نیشتەجێیە سەردانی کابوڵی کرد و وتارێکی پێشکەشی کۆبوونەوەکە کرد. باوەڕوایە ئەمە یەکەمین جار بێت لە دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە ئاخونزادە سەردانی کابوڵ بکات.

لە وتارەکەیدا، ئاخونزادە وتی گرتنەوەی دەسەڵات لە ئەفغانستان " سەرکەوتنێک بوو بۆ جیهانی ئیسلامی."

جێی ئاماژەیە تاڵیبان لەژێر فشارێکی نێودەوڵەتیدایە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەیانەوێت تاڵیبان کراوەتر بێت، لەکاتێکدا کە وڵاتەکە ڕووبەڕووی قەیرانی مرۆیی و ئابووری بۆتەوە.

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تاوەکو ئێستا خۆی بەدوورگرتووە لە دانپێدانان بە حکومەتەکەی تاڵیباندا یاخود هاریکردن لەگەڵیدا، بەتایبەتی دوای ئەوەی تاڵیبان کۆتوبەندی خستۆتەسەر مافەکانی ئافرەتان و کەمینەکانی ناو وڵاتەکە.

بەیاننامە یانزە خاڵییەکە داوا لە حکومەتەکەی تاڵیبان دەکات " گرنگییەکی تایبەت بدات بە دادپەروەری و ئایین و خوێندن و تەندروستی و کشتوکاڵ و پیشەسازی و مافی کەمینەکان و منداڵان و ئافرەتان و سەرانسەری نەتەوەکە، ئەمانەش هەمووی بەپێی یاسای پیرۆزی ئیسلامی."

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ڕکابەرە سەرەکییەکانی تاڵیبانیش کرا، لەوانەش چەکدارانی ڕێکخراوی داعش، هەروەها پەیامێکیان ئاڕاستەی سەرجەم ئەفغانییەکانی سەرانسەری وڵاتەکە کرد و وتیان " هەر جۆرە هاریکارییەک لەگەڵ ڕێکخراوی داعشدا قەدەغەیە."

ڕۆژی پێنجشەممە لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، دەنگی تەقە لەنزیک شوێنی کۆبوونەوەکە بیسترا، هۆڵی لۆیا جیرگا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی کابوڵ. دواتر وتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید بە ڕۆژنامەنووسانی وت هێزەکانی ئاسایش تەقەیان لە کەسێک کردووە کە گومانی لێکراوە نارنجۆکی پێبووبێت، بەڵام " هیچ جێی نیگەرانی نەبووە."

بەڵام ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕاگەیاند. داعش لە بەیاننامەیەکدا وتی سێ لە چەکدارەکانی چوونەتە سەر سەربانی بینایەکی نزیک لە شوێنی کۆبوونەوەکە و گرتەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا کۆمەڵێک چەکدار پیشان دەدات کە دەمامکیان بەستووە و دەڵێن " لە شوێنێکی زۆر نزیکن لە کۆبوونەوەکەوە " چاوەڕێی فەرمانن بۆ هێرشکردن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG