وه‌زیری به‌رگری به‌ڕیتانیا ده‌ڵێت هێزه‌کانی وڵاته‌که‌ی له یه‌کێک له ناوچه هه‌ره تونده‌تیژه‌کانی باشوری ئه‌فغانستان ده‌کشێنه‌وه و مه‌سه‌له‌ی کۆنترۆڵکردنی ده‌ده‌نه ده‌ست هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا.
لیام فۆکس ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه ئه‌م گۆڕانکاریـیه‌ی له دابه‌شـکردنی هێزه‌کانی ناتۆ ڕاگه‌یاند و گوتی هێزی ما‌رینزی ئه‌مه‌ریکا جێگای هێزه‌کانی به‌ڕیتانیا له شارۆچکه‌ی سانجنی هه‌رێمی هێڵماند ده‌گرنه‌وه.
جێی ئاماژه پێکردنه دۆڵی سانجن ده‌که‌وێته باکوری هه‌رێمی هێڵمانده‌وه و کوشنده ترین ناوچه بووه بۆ هێزه‌کانی به‌ڕیتانیا، نزیکه‌ی سێ به‌شی ئه‌و 312 سه‌ربازه به‌ڕیتانیانه‌ی که له ساڵی 2001 وه له ئه‌فغانستان کوژراون له‌و ناوچه‌یه بوون.
فۆکس ڕاشیگه‌یاند ئه‌و هه‌زار سه‌ربازه به‌ڕیتانیـیه‌ی که له سانجن دا پیشوه‌چونێکی باشیان کردووه ده‌گوێزرێنه‌وه بۆ ناوه‌ڕاستی هه‌رێمی هێڵماند.
له ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌فغانستانیش کاربه‌ده‌ستان ده‌ڵێن به‌هۆی هێرشێکی هه‌ڵه‌ی هێزه‌کانی ناتۆ به‌لایه‌نی که‌م 5 سه‌ربازی ئه‌فغانی کوژراون و 2 ی تریش برینداربوون.
وته‌بێرژی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌فغانستان زاهیر عه‌زمی ئه‌و هێرشه‌ی شه‌رمه‌زار کرد‌و گوتی ئه‌مه یه‌که‌م جار نیـیه هێزه‌کانی ناتۆ به هه‌ڵه سه‌ربازانی ئه‌فغانی بکوژن. ناتۆ مه‌خابنی خۆی له‌و باره‌یه‌وه ده‌ربڕیوه و په‌یمانی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی له‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوه داوه.