گوته‌بێژێکی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریکا له ئه‌فغانستان ده‌ڵێت هاوڵاتییه‌کی ئه‌مه‌ریکایی کوژراوه و یه‌کێکی دیکه‌ش برینداربووه له‌و هێرشه‌ی کرایه سه‌ر به‌شێکی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریکا له ئه‌فغانستان.
گوته‌بێژ گاڤین سه‌ندواڵ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه ڕایگه‌یاند کارمه‌ندێکی ئه‌فغانی که بۆ حکومه‌تی ئه‌مه‌ریکا کار ده‌کات ئه‌و هێرشه‌ی له دره‌نگانێکی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه له کابول ئه‌نجام دا هێرشبه‌ره‌که‌ش کوژراوه.
کاربه‌ده‌ستان مه‌به‌ستی ئه‌و هێرشه‌یان ڕانه‌گه‌یاندووه و تا ئێستاش هیچ لایه‌نێک به‌رپرسیارێتی خۆی له هێرشه‌که ڕانه‌گه‌یاندووه.
هاوڵاتییه ئه‌مه‌ریکاییه‌که برا بۆ نه‌خۆشخانه و برینه‌که‌شی سه‌خت نییه.
ئه‌م ڕووداوه‌ش نزیکه‌ی دوو هه‌فته پاش هێرشه ڕێکخراوه‌کان بوو که کرایه سه‌ر چه‌ند باڵه‌خانه‌یه‌کی سه‌ره‌کی له کابول له نێویاندا باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریکا و بنکه‌ی ناتۆش. له‌و هێرشانه‌شدا نزیکه‌ی 9 که‌س کوژران.
له ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌شدا هێرشبه‌رێکی خۆکوژ که که‌ره‌سته‌ی ته‌قینه‌وه‌ی به‌خۆوه به‌ستبوو له ده‌ره‌وه‌ی بنکه‌یه‌کی پۆلیس له ڕۆژهه‌ڵاتی هه‌رێمی پاکتیکا خۆی ته‌قانده‌وه. دوو پۆلیسی کوشت و 2 مه‌ده‌نیش بریندارکرد.