Accessibility links

بەهۆی تەقینەوەیەک لە گەڕەکێکی شیعەنشینی کابوڵ دوو کەس دەکوژرێن


کاربەدەستان ڕۆژی چوارشەممە رایانگەیاند بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێک لە ناو پاسێکدا لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان بەلایەنی کەم 2 کەس کوژراون و پێنج کەسی تریش بریندار بوون.

کاربەدەستێکی تاڵیبان بە ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسی ڕاگەیاند تەقینەوەکە بووە هۆی لەناوچوونی پاسەکە لە گەڕەکی دەشتێ بەرچی کە زۆرینەیان هەزارەی شیعە ئاینزان.

کاربەدەستەکەی تاڵیبان گوتی " زانیارییە سەرەتاییەکان نیشان دەدات بۆمبەکە بە پاسەکەوە لكێندرابوو. ئێمە لێکۆڵینەوەمان دەستپێکردووە."

کاربەدەستەکانی تاڵیبان ژمارەی جیاوازی زیانە زیانە گیانییەکانیان ڕاگەیاندووە.

کارمەندێکی ئاژانسی AFP لە نزیک شوێنی ڕووداوەکە بوو کاتێک بۆمبەکە تەقیوەتەوە ئەو ڕایگەیاندووە " گوێم لە دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە بوو، کاتێک بینیم پاسێک و تاکسییەک گڕیان گرتبوو. بینیشم ئۆتۆمبێلەکانی نەخۆشگواستنەوە دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و بریندارەکان و کوژراوەکانیان گواستەوە بۆ نەخۆشخانە."

هەفتەی ڕابردوو لە هەمان ناوچە ڕۆژنامەوانێک کوژراو و بەلایەنی کەم چوار کەسی تر بریندار بوون کاتێک بۆمبێکی تر لە نێو پاسێکی تردا تەقییەوە.

گروپی دەوڵەتی ئیسلامی خوراسان بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەیان لە ئەستۆ گرتووە و بە شانازییەوە دەڵێت "20 شیعەی هەڵگەڕاوە لە ئاین" یان کوشتووە یان بریندار کردووە.

لەوەتای تاڵیبان لە مانگی هەشتی ئەم ساڵەوە دەسەڵاتی وڵاتەکەی گرتووەتە دەست، گروپی دەوڵەتی ئیسلامی خوراسان هێرشەکانی لە ئەفغانسان زیاد کردووەو لەسەرەتای ئەم مانگەش هێرشیان کردە سەر نەخۆشخانەی نیشتمانی لەشکری شارەکە و لە ئەنجامدا 9 کەسیان کوشت و زیاتر لە 50 کەسیش بریندار بوون.

ئەو گروپە چەند هێرشێکیشیان لە شاری جەلالئاباد پایتەختی پارێزگای نانگەرهار ئەنجام داوە.






XS
SM
MD
LG