Accessibility links

ئیمارات کوژارنی 5 کارمەندی وڵاتەکەی لە ئەفغانسـتان پشـتڕاست دەکاتەوە


دەوڵەتی ئیمارات ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند 5 لە کارمەندانی وڵاتەکەی لە تەقینەوەکەی دوێنێی نێو بارەگای فەرمانڕەوای پارێزگای قەندەهار لە باشوری ئەفغانسـتان کوژراون.

دوێنێ سێشەممە لەو کاتەی شاندێـکی ئیمارات بە سەرۆکایەتی محەمەد عەبدوڵڵا ئەلکەعبی سەردانی هومایۆن عەزیز فەرمانڕەوای قەندەهاریان کرد، تەقینەوەیەک لە بارەگای فەڕمانڕەواکە ڕوویدا و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 11 کەس کوژران و نزیکەی 18 کەسی دیکە برینداربوون. باڵیۆزی ئیمارات و فەرمانڕەوای قەندەهار لە نێو بریندارەکاندان.

خەلیفە بن زاید ئال نهەیان سەرۆکی ئیمارات سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیـیەکان کرد و فەرمانی کرد بۆ ماوەی 3 ڕۆژ ئاڵای وڵاتەکەیان لەسەر دامودەزگاکانی حکومەت دابگرن.

کاربەدەسـتانی ئەفغانسـتان لای خۆیانەوە ڕایانگەیاند 2 یاسادانەر و جێـگری فەرمانڕەوای قەندەهار و دیپـلۆماتێـکی ئەفغانی کە لە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا کاردەکات، لە تەقینەوەکەدا کوژراون.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە کەس بەرپـرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکە ڕانەگەیاندووە. تاڵیبان بەرپـرسیارێتی خۆی لە چەند هێرشێـکی دوێنێی ناو کابولی پایتەخت ڕاگەیاند، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بۆ تەقینەوەکەی قەندەهار نەکرد.

جێی ئاماژەیە ئیمارات چەندان پـرۆژەی خزمەتگوزاری لە ئەفغانسـتان ئەنجام دەدات و هەروەها کۆمەک و یارمەتی بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە ڕەوانە دەکات.

XS
SM
MD
LG