Accessibility links

مەلایەکی ئایینی دیاری تاڵیبانی ئەفغانستان لە پاکستان دەکوژرێت


حکومەتەکەی تاڵیبان لە ئەفغانستان ڕۆژی هەینی ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردەوە کە یەکێک لە مەلا ئایینییە پێشەنگەکانی لەلایەن کۆمەڵێک چەکداری نەناسراوە لە پاکستان کوژراوە.

پۆلیسی ناوخۆ دەڵێت کوژراوەکە ناوی محەمەد عومەر ئاخوندزادە بووە و ڕۆژی پێنجشەممە لە مزگەوتێک لە شاری کوێتای باشووری ڕۆژهەڵاتی پاکستان پێشنوێژی نوێژی ئێوارەی کردووە کاتێک چەند چەکدارێک هەڵیانکوتاوەتە سەر مزگەوتەکە و بە فیشەک کوشتوویانە و دواتر هەڵاتوون.

تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشە کوشندەکەی نەگرتووەتە ئەستۆ.

ڕۆژی هەینی وتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی ئاخوندزادە بەشێک بووە لە کۆمیتەی مامۆستایانی باڵای ئایینی ئیسلامی سەر بە حکومەت و لە شاری قەندەهاری باشووری ئەفغانستان لە " مەدرەسەی جیهادی " وانەی وتووەتەوە. موجاهید وێنەی ئاخوندزادەشی بڵاوکردەوە.

موجاهید نوسیویەتی " دڵگرانین بە هەواڵی شەهیدبوونی مەلایەکی پێشەنگی وڵاتەکەمان. سەرکۆنەی کوشتنی مەلایانی ئایینی دەکەین وەکو تاوانێکی قێزەونی دوژمنانی ئیسلام." بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکە نەدا.

چەند سەرچاوەیەکی ئەفغانی ئاماژەیان بەوەدا کە مەلا کوژراوەکە ڕاوێژکارێکی باڵای ڕابەری باڵای تاڵیبان هەیبەتوڵا ئاخوندزادە بووە، هەیبەتوڵا لە قەندەهار دادەنیشێت و لەوێوە و لە ڕێی بڕیارە ئایینییەکانەوە فەرمانڕەوایی ئەفغانستان دەکات.

بەرپرسێکی باڵای تاڵیبان وتی کۆمیتەکە لە مەلا پێشەنگەکانی وڵاتەکە پێکدێت و بەرپرسە لە پێداچوونەوە بە سەرجەم یاساکاندا پێش ئەوەی جێبەجێ بکرێن، ئەوەش لە پێناو دڵنیابوونەوە لەوەی کە یاساکان لەگەڵ بنچینەکانی ئیسلامدا بگونجێن.

کوێتا پایتەختی هەرێمی بالوچستانی پاکستانە کە دەکەوێتە سەر سنووری ئەفغانستان. شارەکە و ناوچەکانی دەوروبەری میوانداری سەدان هەزاران پەنابەری ئەفغانییان کردووە و پێشتریش ڕووبەڕووی هێرشی کوشندە بوونەتەوە بۆ سەر ئەو کەسایەتییانەی کۆمەڵگەکە کە پەیوەندییان بە تاڵیبانەوە هەیە.

ڕابەری تاڵیبان هەیبەتوڵا ئاخوندزادەش پێشتر لەو هەرێمەی پاکستان دادەنیشت و لەوێوە هێرشەکانی تاڵیبانی دژی ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئەفغانستاندا ئاڕاستە دەکرد، ئەوەش هەتاوەکو مانگی هەشتی ساڵی 2021 کاتێک هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لەو وڵاتەدا کشانەوە و تاڵیبان کۆنتڕۆڵی وڵاتەکەی کردەوە.

لەو کاتەوەی کە تاڵیبان کۆنتڕۆڵی ئەفغانستانی کردەوە، چەندین کەسایەتی دیاری ئایینی تاڵیبان و یاریدەدەرەکانییان لە ناو ئەفغانستاندا کوژراون، بە کابوڵی پایتەختیشەوە.

ڕێکخراوی داعشی خۆراسان کە لقێکی سەر بە داعشە و لە ئەفغانستاندا چالاکە و دوژمنی سەرسەختی تاڵیبانە، بەرپرسیاری زۆرێک لەو هێرشانەی گرتووەتە ئەستۆ.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG