ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی مرۆیی دەڵێت دوابەدوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، نزیکەی 300,000 ئەفغانی بە ئافرەت و منداڵیشەوە هەڵهاتوون بۆ ئێران.
ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویجی ئەم ژمارانەی بڵاوکردەوە و وتی ژمارەکان بەردەوام لە زیادبووندان، لەکاتێکدا " ڕۆژانە 4000 بۆ 5000 هاوڵاتی ئەفغانی لەڕێی خاڵە سنوورییە نافەڕمییەکانەوە دەپەڕنەوە بۆ ئێران."
وتیشی لقی ئەرکەکانی ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویجی لە ئێران پشتیوانی لەو خێزانانە و سەدان هەزار ئەفغانی دیکە دەکات کە ماوەی چەند ساڵێکە لە ئێران ماونەتەوە، هاوکات ئێران خۆی ڕووبەڕووی قەیرانێکی ئابووری گەورە بۆتەوە.
سکرتێری گشتی ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویج ئیان ئیگلاند وتی " ناکرێت پێشبینی ئەوە بکەیت ئێران بتوانێت ئەو ژمارە زۆرە لە ئەفغانیەکان وەربگرێت، بەبێ یارمەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پێویستە بەزووترین کات یارمەتیە مرۆییەکان لەناوخۆی ئەفغانستان و وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان، وەکو ئێران، زیادبکرێن، بەرلەوەی وەرزی کوشندەی زستان دەستپێبکات."
ئیان ئیگلاند لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونیەوە بە دەنگی ئەمەریکای وت لەمدواییانەدا سەردانی سنووری باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێرانی کردووە.
ئیگلاند وتی سەردانی ناوچە سنووریەکەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێرانی کردووە و بیستوویەتی " ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرە ئەفغانیەکان گەیشتوونەتە ناوچەکە."
ئیگلاند بە دەنگی ئەمەریکای وت " ئەم ژمارانەمان لایە و دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە کە چوار بۆ پێنج هەزار کەس ڕۆژانە لە سنوورەکە دەپەڕنەوە بۆ ئێران، زیاتر لە 300,000 کەسیش لەدوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستانەوە لەلایەن تاڵیبانەوە هەڵهاتوون بۆ ئێران."
وتی " چیرۆکی ناخ هەژێنمان لەو خێزانانەوە بیستووە کە لەمدواییانەدا گەیشتوونەتە ئێران. پەنابەرێک وتی لەبەر ئەوەی شیعە بوون کراونەتە ئامانج، ئەو کەلوپەلانەی پێیان بووە لێیان سەندراوە، ماڵەکەیان سوتێندراوە، هەروەها ناچار بوون چەند جارێک لەناوخۆی ئەفغانستاندا هەڵبێن بەرلەوەی بگەنە ئێران. پێیان وتراوە کچەکانتان کاتێک گەیشتنە تەمەنی 10 ساڵی دەدرێن بە چەکدارەکان."
زۆرینەی ئەوانەی دەگەنە ئێران بە نایاسایی دێن، چونکە ئێران سنوورەکەی لەگەڵ ئەفغانستاندا داخستووە .
ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویجی و ڕێکخراوە ناحکومیەکانی دیکەی ڕۆژئاوا و نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لە حکومەتی ئێران کردووە بە فەڕمی سنوورەکە بکاتەوە تاوەکو ئەفغانیەکان بە ئاسانی بتوانن بپەڕنەوە.
لێدوانەکانی ئیگلاند ڕۆژێک دوای ئەوە هات ئیتاڵیا وڵاتانی یەکێتی ئەوروپای تۆمەتبار کرد بەوەی کارا نەبوون لە مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانە مرۆییەکانی ئەفغانستاندا.
حکومەتی ئیتاڵیا ڕۆژی دووشەممە پڕۆتۆکۆڵێکی واژۆ کرد لەگەڵ کۆمەڵێک ڕێکخراوی ناحکومیدا تاوەکو ڕێگە بە نزیکەی 1200 پەنابەری ئەفغانی بدات کە لە پاکستان و ئێران و وڵاتانی دیکەوە دێن لەڕێی ڕێڕەوە مرۆییەکانەوە بگەنە ئیتاڵیا.
وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا لوچیانا لامۆرگێسی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " هەموو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ئەو ئامادەییەیان تێدا نیە پێشوازی و ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرن."
ئیگلاند پێشوازی لە بڕیارەکەی ئیتاڵیا کرد، بەڵام وتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت کاری زیاتر بکات لەوەی تەنها چەند هەزار پەنابەرێکی ئەفغانی وەربگرێت.
گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات دەیان هەزاران هاوڵاتی ئەفغانی ناچارکرد لەڕێی هەوڵەکانی ئەمەریکاوە بگوازرێنەوە بۆ وڵاتێکی دیکە.
بەرپرسانی ئاسایش و حکومەتی پێشووی ئەفغانستان و ئەوانەی کە لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا یارمەتی هێزە نێودەوڵەتیەکانیانداوە، لەنێو ئەو کەسانەدا بوون لە ترسی تۆڵەی تاڵیبان لە وڵاتەکە گواسترانەوە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا