Accessibility links

ئەفغانستان دەڵێت سەربازی ئێرانی لە سنور کۆچبەرانی ئەفغانیان خستۆتە ڕوبارێکەوە و گەلێکیان خنکاون


پزیشک لە نەخۆشخانەی ناوچەی هەرات دەڵێن تەرمی کۆچبەرانی ئەفغانیان وەرگرتوون کە هەندێکیان لە نێو ڕوباردا خنکابوون.

کاربەدەستانی ئەفغانستان یەکشەمە دەستیان بە هەڵمەتێک کرد بۆ ئەوەی تەرمی ئەو کۆچبەرانەی ئەفغانی لە نێو ڕووبارێک لە هەرێمی ڕۆژئاوای وڵاتەکە بدۆزنەوە، وەک دەڵێن پاسەوانانی سنوری ئێران ئەو کۆچبەرانەیان ئەشکەنجەداوە و پاشان فڕێیانداونەتە نێو ڕوبارەکە بۆ ئەوەی نەهێڵن بچنە نێو ئێرانەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان دەڵێت لێکۆڵینەوەیەک دەستی پێکردووە و گەورە کاربەدەستێکیش لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە کابوڵ دەڵێت بەپێی لێکۆڵینەوە بەراییەکان بەلانیکەم ٧٠ ئەفغانی کە دەیانەویست لە سنوری هەرێمی هەراتەوە بچنە نێو خاکی ئێران، ئەشکەنجەدراون و بەزۆر خستوویاننەتە نێو ڕوباری حەریرڕوودوە.

بەرپرسی نەخۆشخانەی ناوچەی هەرات، عارف جەلالی، دەڵێت "تا ئێستا، پێنج تەرمیان بۆ نەخۆشخانە گوازتۆتەوە و لە نێو ئەو تەرمانەدا دیارە کە چواریان بە هۆی خنکان گیانیان لە دەستداوە."

کونسوڵخانەی ئێران لە هەرات نکوڵی لەو دەنگۆیانە کردوە کە دەیان لە کریکارە کۆچبەرە ئەفغانیەکان لە لایەن پولیسی سنوورییەوە ئەشکەنجەدرابن و پاشان خنکابن.

کونسولخانەکە لە لێدوانێک دا گوتی، "پاسەوانانی سنوری هیچ کەسی ئەفغانیان نەگرتووە."

هەروەها کاربەدەستانی باڵیۆزخانەی ئێران لە کابوڵی پایتەخت لە بەردەستدا نەبوون تا زانیارییان لێوەربگرترێت.

کاربەدەستانی ئەفغانستان دەڵێن ئەوە یەکەم جار نیە وڵاتیانی ئەفغانی لە لایەن پولیسی سنوری ئێرانەوە، ئەشکەنجە بدرێن یان بکوژرێن.

نور محەمەد، یەکێکە لەو وڵاتییە ئەفغانیانەی کە ڕۆژی شەممە لە لایەن پاسەوانانی سنوری ئێرانەوە گیراوە، کاتێک لە هەوڵ دابوون لە ناوچەی گوڵران لە هەرێمی هەرات، بچنە ناو خاکی ئێرانەوە تا لە ئەو وڵاتەدا کاربدۆزنەوە.

محەمەد بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی گوتوە، "دوای ئەوەی ئەشکەنجەدراین، سەربازانی ئیران هەموو ئێمەیان فڕێدایە نێو رووباری حەریرروودەوە."

شێرئاغا، کە ئەویش لە ئەو ڕووداوەدا بووە دەڵێت بەلانیکەم ٢٣ لە ٥٧ کەس کە لە لایەن سەربازە ئێرانیەکانەوە وە فڕێدرانە نێو ڕووبارەکە، گیانیان لە دەست دا.

XS
SM
MD
LG