Accessibility links

کابوڵ " نیگەرانە " سەبارەت بە ڕێکەوتنەکەی نێوان واشنتن و تاڵیبان و ڕوونکردنەوەی دەوێت


حکومەتی ئەفغانستان نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە ڕێکەوتنی پێشنیارکراوی نێوان ئەمەریکا و تاڵیبان و وتی بەرپرسانی ئەفغانی پێویستان بە زانیاری زیاتر هەیە سەبارەت بەو " مەترسییانەی " ڕێکەوتنەکە هەیەتی.

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان لەم هەفتەیەدا سەردانی کابوڵی کرد و ڕەشنووسی ڕێکەوتنەکەی نێوان تاڵیبان و ئەمەریکای بە بەرپرسانی ئەفغانی ڕاگەیاند.

ڕێکەوتنەکە ئەگەر واژۆ بکرێت ئەوا ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان دەکشێنەوە.

سدیق سدیقی وتەبێژی سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی وتی " کابوڵ نیگەرانە و ڕوونکردنەوەی دەوێت سەبارەت بەم ڕەشنووسە تاوەکو بتوانین بە وردی شیکاری بۆ مەترسییەکان و دەرەنجامە نەرێنیەکانی بکەین و ڕێگە نەدەین هیچ مەترسییەک دروست بکات."

ئەمە یەکەمین کاردانەوەی فەڕمی کابوڵە سەبارەت بە ڕەشنووسی ڕێکەوتنەکە کە خەلیلزاد ڕۆژی دووشەممە بەرپرسانی ئەفغانی لێ ئاگادارکردەوە.

سدیقی وتیشی حکومەتەکەی هەمان نیگەرانی بەرپرسانی پێشووی ئەمەریکای هەیە سەبارەت بەم ڕەشنووسی ڕێکەوتنە.

ژمارەیەک نوێنەرانی پێشووی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان ڕۆژی سێشەممە لە نامەیەکی کراوەدا هۆشیاریاندا لە ئەگەری کشاندنەوەی سەربازانی ئەمەریکی بەشێوەیەکی بەپەلە لەکاتێکدا کە لەو وڵاتەدا هێشتا ئاشتی بەرقەرار نەبووە.

نوێنەرانی پێشووی ئەمەریکا لە نامەکەدا دەڵێن " کشاندنەوەی زۆرێک لە هێزەکانی ئەمەریکا دەبێت دوای ڕێکەوتنێکی ڕاستەقینەی ئاشتی بکرێت نەک پێش ئەوە."

بەپێی بەشێک لەو ڕەشنووسەی بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بەنیازە هەزاران سەرباز لە کۆی 13 هەزار سەرباز لە سەرتاسەری ئەفغانستان بکشێنێتەوە، ئەمەش لەکاتێکدا ئەگەر تاڵیبان بەڵێن بدات ڕێگە نەدات بە گروپە توندڕەوەکان وڵاتەکە بکەنە شوێنێک بۆ هیرشکردنە سەر ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی

بەپێی ئەم قۆناغەی یەکەم 8600 سەربازی ئەمەریکی لە ئەفغانستان دەمێننەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG