Accessibility links

لە هێرشێکدا بۆ سەر فڕۆکەخانەی عەدەن لە یەمەن لانی کەم 22 کەس کوژران


لە هێرشێکدا بۆ سەر فڕۆکەخانەی عەدەن لە یەمەن لانی کەم 22 کەس کوژران و دەیان کەسی دیکەی برینداربوون، ئەمەش چەند خولەکێک دوای نیشتنەوەی فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانەکە کە شاندێکی حکومەتی دەگواستەوە.

سەرۆک وەزیری یەمەن موعین عەبدولمەلیک وتی سەرجەم ئەندامانی حکومەت بارودۆخیان باشە. فڕۆکەکە ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانی نوێی حکومەتی یەمەنی دەگواستەوە کە لەلایەن سعودیەوە پشتیوانی لێدەکرێت، ئەم هێرشەش تیشکی خستەسەر ئەو قورساییانەی لەبەردەم ئەم حکومەتە نوێیەدا هەیە کە سعودیە دەیەوێت لەڕێیەوە هاوپەیمانەکانی یەکبخاتەوە لە جەنگیدا دژی حوثییەکانی سەر بە ئێران.

چەند کاتژمێرێک دوای تەقینەوەکە دانیشتوانی ناوچەکە و دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئاماژەیان بەوەدا گوێیان لە دەنگی دووەمین تەقینەوە بووە لەنزیک کۆشکی مەعاشیقی سەرۆکایەتی لە عەدەن، لەکاتێکدا ئەندامانی حکومەت بۆ ئەو کۆشکە گواسترابوونەوە، لەوانەش سەرۆک وەزیر و باڵیۆزی سعودیە لە یەمەن محەمەد بن سەعید ئال جابر.

ئەنجومەنی وەزیرانی یەمەن لە زاری وەزارەتی تەندروستی وڵاتەکەوە کۆی ژمارەی کوژراوانی لە تویتەر بڵاوکردەوە و وتیشی 50 کەسی دیکە برینداربوون.

ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور ئاماژەی بەوەدا 17 کەس لە نەخۆشخانەکەیان لە عەدەن چارەسەریان بۆ کراوە.

لەلایەکی دیکەوە لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور لە یەمەن لە تویتەر بڵاویکردەوە یەکێک لە کارمەندەکانی لە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەدەن کوژراوە و هێشتا دوو کارمەندی دیکە بێسەرووشوێنن و سیانی دیکەش برینداربوون.

هێشتا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕانەگەیاندووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG