Accessibility links

سەرۆک وەزیری عێراق پەیامێک بڵاودەکاتەوە


سەرۆک وەزیری عێراق عادل عەبدولمەهدی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پەیامێکی ئاڕاستەی گەلی عێراق کرد و وتی داواکانتان بۆ چاکسازی گەیشت.

سەرۆک وەزیری عێراق عادل عەبدولمەهدی وتی " ئێمە لەم گەلەین و بۆ ئەم گەلەشین، هەروەها دەشزانین ئەم گەلە ماوەیەکی زۆر لە ئازاردابووە ، ئەزموونی زۆرمان تێپەڕاند تاوەکو گەیشتینە دیموکراسیەت، دەمانەوێت خزمەت بکەین و دڵسۆزانە کاربکەین."

وتیشی " کاتێک دەسەڵاتمان گرتەدەست ،پەلەمان کرد تاوەکو ئەو کۆتوبەندانە بشکێنین کە لە ئێوەمان جیا دەکەنەوە و ئەو دیوارانەی نێوانمان لاببەین و بەدڵنیاییەکی تەواوە لە گەلەکەمان نزیک بووینەوە. چیتر گەیشتن بە بنکەی حکومەتەکەتان کارێکی قورس نیە بەڵکو لەڕێگە و ماڵ و شوێنی کارەکانتاندایە، ئۆفیسەکەمان خستە ناوەڕاستی بەغدادەوە کە لەوێ هەموو عێراقییەکان لە هەموو لایەنەکان تیایدا کۆدەبنەوە. بۆیە ڕێگە مەدەن نائومێدی بەسەرتاندا زاڵبێت و مەگەڕێنەوە بۆ دواوە، گەلەکەمان باجێکی زۆری بە خوێن و سەروەت و داهاتوومان داوە."

هەروەها وتی " ئێمە دەمانەوێت دڵسۆزانە کاربکەین، گەشتەکانمان بۆ ناوەوە و دەرەوەی وڵات جدین و ئامانج لێیان بەدیهێنانی پێشبینییەکانی ئێوەیە لە دووبارە بنیادنانەوە و پەرەپێداندا. لە سەرەتاوە کارمان کردووە بۆ چاکسازی لە ئابووری و سیاسیی و خزمەتگوزاری و کۆمەڵایەتیدا و پڕۆژەمان داناوە بۆ زیادکردنی هەلی کار و ڕووبەڕووبوونەوەی هەژاری. پڕۆژەیەکمان هەیە لە ماوەیەکی کورتدا پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیرانی دەکەین، پڕۆژەکەش ئەوەیە موچە بدرێت بە هەموو ئەو خێزانانەی کە پارەی پێویستیان دەست ناکەوێت، ئەمەش بۆ ئەوەیە هەموو خێزانێکی عێراقی بە سەروەری بژی و کەس لە دواوەمان جێنەهێڵین و کەس لەژێر هێڵی هەژاریدا نەمێنێت."

وتیشی " بێکاری ئێمە دروستمان نەکردووە و کاتێک هاتینە سەر دەسەڵات ژێرخانی ئابووری ڕووخابوو، حکومەت دەستی کرد بە دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو کەسانەدا کە شایستەن."

" بەڵێ پێویستە لەسەر ئێمە هەوڵی زیاتر بدەین تاوەکو لە دەستی گەندەڵی و گەندەڵکاران بدەین، سەرەڕای ئەوەی هەوڵ بۆ ئەوە لە دراوە، بەڵام لەسەر ئاستی پێشبینییەکانی گەلەکەمان و ئێمەدا نیە."

وتیشی " ئێمە بەڵێنی بەتاڵتان پێنادەین یان چارەسەری کاتیتان بدەینێ، چونکە ئێوە باجی ئەوەتان داوە، ئێمە شتێک ناڵێین کە پێمان وابێت نەتوانین بیکەین، ئێمە بەڵێنمان پێداون کە کاربکەین ئینجا قسە بکەین. ئەمڕۆ یەکەم شت پێویستە بیکەین گەڕاندنەوەی ژیانی ئاساییە بۆ هەموو پارێزگاکان و هەروەها دەبێت ڕێز لە دەسەڵاتی یاسا بگیردرێت."

هەروەها وتی " هەندێک لە گوتارەکانی خۆپیشاندانەکان ئاماژە بەوە دەدەن هەندێک دەیانەوێت خۆپیشاندانەکان بقۆزنەوە و بەرەو ئاڕاستەیەکی دیکەی بەرن و داوا شەرعییەکانی خەڵک تێک بدەن، ئێستا خۆپیشاندانەکان بوونەتە هۆی کەوتنەوەی زیانی گیانی."

وتیشی " ئەوانەی وادەزانن دوورن لە لێپێچینەوەوە هەڵەن و ئێمە پابەندین بە دەستوورەوە، هەروەها سوپاسی ئەو کەسانە دەکەم لە خۆپیشاندەران و هێزەکانی ئاسایشیش کە بەشێوەیەکی ئاشتیانە خۆپیشاندانیان کردووە."

وتیشی " بەداخەوەین هەندێک توانیویانە خۆپیشاندانەکان بە ئاڕاستەیەکدا بەرن کە بۆتە هۆی لەدەستدانی ئاسایش و سەقامگیری کە بە خوێنی عێراقییەکان دەستکەوتووە. دڵنیاتان دەکەمەوە دەنگی ئێوە بیستراوە پێش ئەوەی خۆپیشاندان بکەن و داواکانتان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و دابینکردنی هەلی کار و گرنگیدان بە گەنج و چاکسازی بەرفراوان هەمووی داواکاریی تەواون خەمی سەرەکی ئێمەن و وەڵامی هەموو داواکارییەکی شەرعی دەدەینەوە."

هەروەها وتی " لیژنەی پشکنین و لێکۆڵینەوەمان پێک هێناوە تاوەکو هەمووان پابەندی ڕێوشوێنە یاساییەکان ببن و داوامان لە ئەنجومەنی داد کردووە ئەو دەستبەسەرکراوانە ئازاد بکەن کە تاوانیان ئەنجام نەداوە و هەروەها دەوڵەت جدییە لەوەی ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکاندا دەمرن بە خۆپیشاندەر و هێزەکانی ئاسایشیشەوە وەکو شەهید سەیر بکرێن و هەمان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت."

" هەروەها داوا لە ئەنجومەنی نوێنەران و هێزە سیاسییەکان دەکەین تەواو پابەند بن بەوەی دەسەڵاتی تەواو بدەن بە سەرۆک وەزیر تاوەکو پڕۆسەی تەواوکردنی وەزارەتەکان تەواو بکات و چاکسازی لە وەزارەتەکاندا بکات و هەروەها داوامان لێکردوون چاکسازی لە سیستمی هەڵبژاردنەکاندا بکەن و ئەوەش شەفافیەتی هەڵبژاردنەکان زیاتر دەکات و ڕێگە دەگرێت لە پێشێلکارییەکان، هەروەها پێشنیارمان بۆ کردوون لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان سندوقی دەنگدانیش دابندرێت بۆ هەموارکردنەوەی ئەو دەستوورەی پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدات."

XS
SM
MD
LG