Accessibility links

سەرۆک وەزیری عێراق جارێکی دیکە هەوڵی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان ڕەتدەکاتەوە

  • VOA News

سەرۆک وەزیری عێراق دەڵێت ڕێز لە هیوا و خواستی کورد دەگرێت، بەڵام لە دەسـتوری عێراقدا هیچ بڕگەیەکی تیادا نیـیە ڕێگە بدات یەک لایەنە ڕیفراندۆم بۆ جودابوونەوە سازبکرێت.

حەیدەر عەبادی ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا جارێکی دیکە ناڕەزایی خۆی لەسەر هەوڵی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.

پەیامنێری کەناڵی کوردستان 24 پـرسیاری لێکرد"ئەگەر زۆرینەی گەلی کورد بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە ڕیفراندۆمەکە دەنگ بدات، هەڵوێستی حکومەتی فیدراڵی چی دەبێت؟"

عەبادی لە وەڵامدا گوتی" من پـێشتریش گوتوومە ڕێز لە هیوا و خواستەکانی گەلی کورد دەگرم، وە هەموو عێراقیـیەکانیش، بەسرە هیوا و خواستی هەیە، میسان هیوا و خواستی هەیە، بەغدا هیوا و خواستی هەیە، ڕێز لە هەموو ئەو هیوا و خواستانە دەگرم، بەڵام ئێمە لە یەک وڵاتدا دەژین، ئەم وڵاتەش دەستور حوکمڕانی دەکات، یاساکانی حوکمڕانیمان دەکەن، لە کۆتایـیشدا دەستور ئەم بڕگەیەی تیادا نیـیە یەک لایەنە ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت و جودابببیتەوە، ئەمە لە دەستوردا نیـیە، بۆیە مامەڵەی ئێمە لەگەڵیدا ڕیفراندۆمێـکی ناشەرعیـیە، نادەستوریـیە و مامەڵەی لەگەڵدا ناکەم، بەڵام ڕێز لە خواستی گەلی کورد دەگرم."

هەروەها گوتی قەیرانی ڕاستەقینە و سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و پـێشتر داوایان لە دەسەڵاتدارانی هەرێم کردووە بە لایەنی کەم دامودەزگاکانی هەرێم وەک جاران کارابکەنەوە، لەوانە پەرلەمان و حکومەتی هەرێم.

پاشان عەبادی پـرسیاری کرد و گوتی" چۆن ڕیفراندۆم دەکرێت و کام دەسەڵاتە دەیکات؟ ئایا هەموو کورد دانی پـیادادەنێت؟"

ئاگاهیشی دا و گوتی ئاکامی خراپی ڕیفراندۆمەکە بەسەر تەواوی عێراق دەشکێتەوە بە هەرێمی کوردستانیشەوە. بەڵام جەختی لەوەش کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەوڵەی هەرێم پەنا بۆ هێزی لەشکری نابات و گوتی هەوڵ دەدات بە ڕێگەی دیالۆگ چارەسەری ناکۆکیـیەکان بکات.

دەقی لێدوانەکەی حەیدەر عەبادی بە زمانی عەرەبی

XS
SM
MD
LG