Accessibility links

کۆمپانیایەکی ئاسایش: کەشتییەک لە دەرەوەی کەناری یەمەن کراوەتە ئامانج


کۆمپانیای ئاسایشی دەریایی ئامبری ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کەشتییەک بە ئاڵای لایبیریاوە لە دەرەوەی کەناری یەمەن کراوەتە ئامانج، وتیشی کەشتییەکە " سەر بە ئیسڕائیلە."

هیچ گروپێک دەستبەجێ بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان نەگرتووەتە ئەستۆ، بەڵام لە مانگی یانزەوە حوسییەکانی یەمەن کە ئێران پشتیوانییان لێدەکات بەردەوام بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کەشتییەکانییان لە دەریای سوور کردووەتە ئامانج.

حوسییەکان دەڵێن ئەم کارانەیان وەکو دەرخستنی پشتیوانییەکە بۆ فەلەستینییەکانی غەززە دژی ئیسڕائیل.

ئامبری وتی " کەشتییەکە بە شێوەیەک تۆمارکراوە کە لەلایەن کۆمپانیای زیمی ئیسڕائیلەوە بەڕێوەدەبرێت."

وتیشی " گوایە لە کەشتییەکە دراوە و کەشتییەکە نیشانەی تەنگانەی ناردووە."

وتی " بەڵام هێشتا پشتڕاست نەکراوەتەوە کە ئایا کەشتییەکە ڕاستەوخۆ کاری تێکراوە یاخود بەهۆی تەقینەوەوە لە نزیکی کەشتییەکە زیانی پێگەیشتووە."

دەزگای ئاسایشی دەریایی UKMTO کە لەلایەن هێزی دەریایی بەڕیتانیاوە بەڕێوەدەبرێت، باسی لە ڕووداوێک کرد لە شوێنێکی هاوشێوەی ئەو شوێنەی کە ئامبری باسی کردووە کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی عەدەنەوە. وتی بەرپرسی کەشتییەکە باسی لە دوو تەقینەوە کردووە، یەکێکییان لە دەرەوەی کەشتییەکە و ئەوی دیکەیان زیانی بە کەشتییەکە گەیاندووە."

وتیشی هیچ هەواڵێکی زیانی گیانی نیە، بەڵام کارمەندانی کەشتییەکە لە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرێکدان لەسەر کەشتییەکە.

دواتر حوسییەکان لە بەیاننامەیەکدا وتییان لە ڕێی موشەکەوە " کەشتی MSC Sky ئیسڕائیلییان کردووەتە ئامانج لە دەریای عەرەبیدا."

هەردوو کۆمپانیاکەی ئاسایشی دەریایی، ئامبری و UKMTO، لە ڕاپۆرتەکانییاندا ئاماژەیان بە ناوی کەشتییەکە نەداوە.

لە مانگی یەکەوە ئەمەریکا و بەڕیتانیا چەندین هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر ئامانجەکانی حوسییەکان لە یەمەندا، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ هێرشی حوسییەکان لە دەریای سووردا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG