Accessibility links

جیاکردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی عێراقدا ده‌سـتیـپـێـکرد


<!-- IMAGE -->

پـرۆسه‌ی ده‌نگدان له‌ ناو عێراق له‌ کاتژمێر 5 ی سه‌ر له‌ ئێواره‌ به‌ کاتی وڵاته‌که‌ کۆتایی‌پـێـهات و ده‌رگای بنکه‌کان داخران و پـرۆسه‌ی جیاکردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان ده‌سـتیپـێـکرد.

نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ده‌ڵێت چه‌ند ڕۆژێـکی ده‌وێت تا ئه‌نجامه‌ سه‌ره‌تایـیه‌کان ده‌رده‌چن.

ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ دووه‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقه‌ له‌ پاش ڕووخاندنی ڕژێمه‌که‌ی سه‌دام حسێن سـازبکرێت.

هاوکاتی پـرۆسه‌ی ده‌نگدانه‌که‌ چه‌ندان هێرشی کوشـنده‌ له‌ به‌غدا و شـاره‌کانی دیکه‌ی عێراقدا کراون و بوونه‌ته‌ مایه‌ی کوژرانی 38 که‌س.

چاوه‌ڕوان ناکرێت هیچ لیسـتێـک زۆرینه‌ی ده‌نگه‌کان به‌ده‌سـت‌بهێنێت و بتوانێت به‌ ته‌نها حکومه‌ت پـێـکبهێنێت، بۆیه‌ پـێشـبینی ده‌کرێت حکومه‌تی ئاینده‌ی ئه‌و وڵاته‌ له‌ ئه‌نجامی هاوبه‌ندیـیه‌ک دابمه‌زرێت.

سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا باراک ئۆباما لای خۆیه‌وه‌ پـیرۆزبایی له‌ عێراقیـیه‌کان کرد و ده‌سـتخۆشی لێـکردن به‌وه‌ی گوێـیان نه‌دایه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی تێرۆرسـتان و به‌ره‌و بنکه‌کانی ده‌نگدان چوون بۆ هه‌ڵـبژاردنی نوێنه‌رانیان له‌ په‌رله‌مانی نوێی وڵاته‌که‌یاندا.

په‌یامنێرانی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا له‌ به‌غدا و هه‌ولێر و که‌رکوک و دهۆک ڕاپـۆرتیان له‌ باره‌ی پـرۆسه‌ی ده‌نگدانه‌که‌ ناردووه‌، ده‌توانن گوێبیسـتیان بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیانه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ‌.

XS
SM
MD
LG