Accessibility links

ئه‌مریکا سامانی کۆمه‌ڵێـکی عێراقی سـڕده‌کات


ئه‌مریکا سامانی کۆمه‌ڵێـکی عێراقی سـڕده‌کات
ئه‌مریکا سامانی کۆمه‌ڵێـکی عێراقی سـڕده‌کات

له‌وه‌تای مانگی چواری ساڵی ڕابردووه‌وه‌ ئه‌ندامانی ڕێکخراوی جه‌یش رجال ئه‌لته‌ریقه‌ ئه‌لنه‌قشبه‌ندییه‌ ی یاخیبووانی بنکه‌ له‌ عێراق ده‌ستیان کردووه‌ به‌ هێرشه‌ توندوتیژ ئامێزه‌کانیان بۆ سه‌ر هێزه‌ سه‌ربازیـیه‌کانی ئه‌مریکا له‌ عێراق.

یه‌کێـک له‌ ئامانجه‌کانی ئه‌م ڕێکخراوه‌ ڕوخاندنی حکومه‌تی عێراق و دانانه‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیـیه‌که‌ی پارتی به‌عسی سه‌دام حوسه‌ینی دیکتاتۆری پـێشوی عێراقه‌. تا ئێستا سه‌رکردایه‌تی جه‌یش رجال ئه‌لته‌ریقه‌ ئه‌لنه‌قشبه‌ندییه‌ پلانی چه‌ندان هێرشی داناوه‌ بۆ سه‌ر هێزه‌ ئاسایشیه‌ عێراقیه‌کان و ئه‌مریکایـیش.

به‌پێی وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا له‌ مانگی دوازده‌ی ساڵی 2008 دا ئه‌ندامێکی کارگێڕی جه‌یش رجال ئه‌لته‌ریقه‌ ئه‌لنه‌قشبه‌ندییه‌ له‌ ناوچه‌ی که‌رکوک سێ موشه‌کی کاتیۆشای کڕیوه ‌و هه‌روه‌هاش ژماره‌یه‌ک بۆمبی موگناتیسی پێشکه‌وتوش کڕاوه‌‌ به‌ مه‌به‌ستی به‌کارهێنانی بۆ هێرشکردنه‌ سه‌ر بنکه‌ ئاسمانیـیه‌که‌ی ناوچه‌ی که‌رکوک و پۆلیسی عێراقی و کاربه‌ده‌ستانی حکومه‌تی وڵاته‌که‌ش. بێ له‌وانه‌ش ئه‌و هێزه‌ سه‌ربازیـیه‌ی ئه‌مریکا که بنکه‌یان له‌ ته‌نیشت فڕۆکه‌خانه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌غداوه‌یه‌ ئامانج و نیشانه‌ی هه‌مان جۆری هێرش بوون.

به‌ درێژایی ساڵی ڕابردوو جه‌یش رجال ئه‌لته‌ریقه‌ ئه‌لنه‌قشبه‌ندییه ژماره‌یه‌ک ئۆپه‌راسیۆنی توندوتیژ ئامێزیان ئه‌نجام‌داوه‌. له‌ ناوه‌ڕاستی هاویندا کارگێڕانی ئه‌م ڕێکخراوه‌ بۆمبی پـێشکه‌وتووییان به‌کارهێناوه‌ بۆ هێرش کردنه‌ سه‌ر هێزه‌ سه‌ربازییه‌کانی ئه‌مریکا له‌ نزیک بنکه‌یه‌کی پۆلیسی عێراقیه‌وه‌ له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، یه‌ک مانگ دواتریش هه‌مان جۆری تاکتیک له‌ که‌رکوک به‌کارهێنرا. له‌ مانگی هه‌شتیشدا ئه‌ندامانی جه‌یش رجال ئه‌لته‌ریقه‌ ئه‌لنه‌قشبه‌ندییه ڕۆکێتی دژه‌ تانکیان به‌کار هێنا بۆ هێرشکردنه‌ سه‌ر کاروانێکی ماشێنه‌کانی له‌شکری ئه‌مریکا له‌ حه‌ویجه‌ و به‌ ماوه‌یه‌کی که‌میش پاش ئه‌و ڕووداوه ‌ده‌سته‌یه‌ک له‌ کارگێڕانی ئه‌م ڕێکخراوه‌ دوو هێرشی جودایان کرده‌ سه‌ر بنکه‌ ئاسمانییه‌که‌ی ناوچه‌ی که‌رکوک.

دانانی جه‌یش رجال ئه‌لته‌ریقه‌ ئه‌لنه‌قشبه‌ندییه به‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر ئاشتی و سه‌قامگیری له‌ عێراقدا بووه‌ هۆکاری ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی ئه‌مریکا هه‌موو سامانه‌کانی ئه‌م ڕێکخراوه‌ سڕ بکات که‌ ده‌شێت له‌ ئه‌مریکا هه‌یبێت، هه‌روه‌هاش هه‌مو که‌سێکی ئه‌مریکی و کاردارییه‌کیش قه‌ده‌غه‌کراون له‌وه‌ی هه‌ر بازرگانییه‌ک له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕێکخراوه‌ی یاخیبوواندا بکه‌ن.

ستیوارت لیڤی یاریده‌ده‌ری وه‌زیری خه‌زێنه‌ی ئه‌مریکا بۆ کاروباری تێرۆریزم و زانیاری دارایی ده‌ڵێت ئه‌م بڕیاره‌ هه‌نگاوێکی گرنگه‌ بۆ پاراستنی هێزه‌ سه‌ربازیه‌کانی ئه‌مریکی و عێراقی، هێزه‌ ئاسایشیه‌کانی عێراق و هاوڵاتیانی بێ‌تاوانی عێراقیش له‌ ڕێکخراوه‌ یاخیبووه‌کانی وه‌ک جه‌یش رجال ئه‌لته‌ریقه‌ ئه‌لنه‌قشبه‌ندییه که‌ توندوتیژی به‌کارده‌هێنێت بۆ بنکۆڵکردنی به‌ره‌وپێشچونه‌کانی عێراق ڕوه‌و دیموکراتیـیه‌تێـکی زیاتر و ئاینده‌یه‌کی گه‌شتر.

بۆ به‌رده‌وامیدان به‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ توندوتیژه‌کانیان ڕێکخراوه‌کانی وه‌ک جه‌یش رجال ئه‌لته‌ریقه‌ ئه‌لنه‌قشبه‌ندییه ده‌بێت دارایی له‌ پاره‌ده‌ره‌ هاوسۆزه‌کانیانه‌وه‌ کۆبکه‌نه‌وه‌. ئه‌م گه‌مارۆیه‌ی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی‌ ئه‌مریکا کۆکردنه‌وه‌ی له‌و شێوه‌یه‌ی دارایی بۆیان زۆر قورس ده‌کات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG