Accessibility links

به‌هۆی که‌وتنه‌وه‌ی ئاگرێـک له‌ یانه‌یه‌کی شه‌وانه‌ی ڕووسیا زیاتر له‌ 100 که‌س گیانیان له‌ده‌سـت‌ده‌ده‌ن


ده‌سه‌ڵاتدارانی ڕووسیا خاوه‌ن و به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و یانه‌ی شه‌وانه‌یان ده‌سـتگیرکردووه‌ که‌ زوویه‌کی شه‌ممه‌ به‌ هۆی که‌وتنه‌وه‌ی ئاگرێـک له‌ ناویدا 103 که‌س گیانیان له‌ده‌سـت‌دا.

کاربه‌ده‌سـتان ده‌ڵێن ئه‌و دووانه‌یان ده‌سـتگیرکردووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پابه‌ندی ڕێـنمایی‌یه‌کانی خۆپاراسـتن له‌ که‌وتنه‌وه‌ی ئاگر نه‌بووبون.

گڕ به‌ربووه‌ ناو یانه‌ی شه‌وانه‌ی له‌یم هۆرس له‌ شـاری پـێرم کاتێـک بنمیچه‌‌ پـلاستیکیـیه‌که‌ی به‌هۆی یاری ئاگرینی سـارده‌وه‌ که‌ پله‌ی گه‌رمیـیه‌که‌ی له‌ یاری ئاگرینی ئاسایی که‌متره‌ گڕی گرت.

به‌ لایه‌نی که‌م 134 که‌سیش له‌و ئاگرکه‌وتنه‌وه‌یه‌دا برینداربوون.

ڤیدیۆیه‌کانی ناو یانه‌که‌ نیشـانی ده‌ده‌ن که‌ چۆن بنمیچه‌که‌ گڕی گرتووه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رانی یانه‌که‌ زوو پـێـیان نه‌زانیوه‌ و کاتێـکیش که‌ بینیویانه‌ هه‌موو که‌سـانی ناو یانه‌که‌ له‌ تاو ئه‌وه‌ی به‌ خێرایی بچنه‌ ده‌رێ به‌سه‌ر یه‌کدا که‌وتوون.

وه‌زیره‌کانی ناوخۆ، ڕووداوه‌ کتوپـڕه‌کان و په‌ره‌پـێدانی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ مه‌به‌سـتی هه‌ماهه‌نگکردنی هه‌وڵه‌کانی فریاگوزاری گه‌یشـتوونه‌ته‌ شـاری پـێرم که‌ ده‌که‌وێته‌ هه‌رێمی یه‌ڕاڵزی ڕۆژهه‌ڵاتی مۆسـکۆی پایته‌خته‌وه‌.

فڕۆکه‌کانی وه‌زاره‌تی ڕووداوه‌ کتوپـڕه‌کان ژماره‌یه‌ک له‌ بریندارانی ڕووداوه‌که‌یان بۆ نه‌خۆشـخانه‌کانی مۆسـکۆ گواسـتۆته‌وه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG