سه‌رۆک وه‌زیری عێراقی نوری ئه‌لمالکی داوای ده‌ست له کار کێشانه‌وه‌ی شه‌ش له وه‌زیره سونه‌کان ڕه‌ت ده‌کاته‌وه که له هه‌فته‌ی ڕابردوودا کشانه‌وه‌ی خۆیان له حکومه‌ت ڕاگه‌یاند.
به‌ڕێز ئه‌لمالکی ئه‌م بڕیاره‌ی خۆی ڕاگه‌یاند پاش ئه‌وه‌ی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی عێراقی جه‌لال تاڵه‌بانی و جێگری شیعه‌ی سه‌رۆک عادل عه‌بدولمه‌هدی کۆبۆوه، به‌ڵام جێگری سونه‌ی سه‌رۆک به‌شداری له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌دا نه‌کرد.
ڕێبه‌ره‌کان ده‌ڵێن هیوادارن ئه‌و شه‌ش وه‌زیره‌ی سه‌ر به گروپی به‌ره‌ی ته‌وافوق که گه‌وره‌ترین بلۆکی عه‌ره‌به سونه‌کانن له په‌رله‌مان‌دا، ڕای خۆیان بگۆڕن و بۆ ناو حکومه‌ت بگه‌ڕێنه‌وه.
ووته‌بێژێکی به‌ره‌ی ته‌وافوق، ره‌فع ئه‌لعیساوی گوتویه‌تی حکومه‌تی به ڕێبه‌رایه‌تی شیعه‌کان نه‌یتوانیوه داخوازییه‌کانی هاوپه‌یمانێتی‌یه‌که‌یان جێبه‌جێ بکات بۆ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ چه‌کداره شیعه‌کان و ریفۆرم له شێوازی ئه‌و هه‌ڵمه‌ت و ده‌ستگیر کردنانه‌ی ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.
به‌ڕێز تاڵه‌بانیش ده‌ڵێت له هه‌فته‌ی داهاتوودا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مالکی و جێگری سونه‌ی سه‌رۆک و سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانی عێراق مه‌سعود بارزانی کۆده‌بێته‌وه تاوه‌کو کێشه سیاسی‌یه‌کانی ووڵات چاره‌سه‌ر بکه‌ن.
له واشنتۆنیش، به‌ڕێوبه‌رایه‌تی بوش گرنگی‌یه‌کی ئه‌وتۆی نه‌داوه به کشانه‌وه‌ی هاوپه‌یمانێتی سونه‌کان له حکومه‌ت.
جێی باسه، به‌ره‌ی ته‌وافوق له مانگی شه‌شه‌وه، ئه‌ندامێتی خۆیان له ناو حکومه‌ت‌دا هه‌ڵپه‌ساندووه وه‌ک ناڕه‌زایی ده‌ربڕین له دژی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی نیشاندرابوو له به‌رامبه‌ر تاوانبارکردنی وه‌زیری که‌لتوری ئه‌سعه‌د ئه‌لهاشمی به‌وه‌ی ده‌ستی هه‌بووه له کوشتنی سیاسه‌تمه‌دارێکی تری عێراقیدا.
سه‌باره‌ت به ڕاگه‌یاندنه‌کانی سه‌رۆکی عێراقیش، هاوکار به‌ڵێن ساڵح گفتوگۆیه‌کی له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌وان هیوا عوسمان به‌رپرسی کاروباری ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆکی عێراقی جه‌لال تاڵه‌بانی سازدا. بۆ گوێگرتن له درێژه‌ی ئه‌و گفتوگۆیه، کلیکی ئه‌و ئۆدیۆ فایله‌ی سه‌ره‌وه‌ی ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه بکه.