سه‌رۆك وه‌زیری عێراق نوری ئه‌لمالكی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ڕایگه‌یاند كه‌وا ئه‌و به‌نیازه له ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی داهاتوو گۆڕانكاری له كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی بكات.
مالكی نه‌یگوت چه‌ند و یاخود كێ له 39 وه‌زیرانی كابینه‌كه‌ی لاده‌درێن.
كاربه‌ده‌سـتانی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا داوایان له مالكی كردووه په‌یوه‌ندیـیه‌كانی به مه‌لای توندڕه‌وی شیعه موقته‌دا ئه‌لسه‌در ببڕێت و هاوبه‌ندیـیه‌كی ڕامیاری نوێ له ڕێـكخراوه سه‌ره‌كیـیه‌كانی شیعه‌كان و میانڕه‌وه سونـنیـیه‌كان و كورده‌كان دروست بكات.
شه‌ش له ئه‌ندامانی كابینه‌ی ئێسـتا سه‌ر به موقته‌دا ئه‌لسه‌درن، ئه‌وه‌ی خاوه‌نی له‌شـكری مه‌هدیـیه و به هێرشی تایفی له دژی سوننه‌كان تاوانبار ده‌كرێن.
ڕۆژی شه‌ممه‌ش مالكی به ئاژانسی ئه‌سۆشـیـیه‌تد پـرێسی ڕاگه‌یاند كه‌وا ئه‌و هه‌روه‌ها به‌دواچوون به دوای ئه‌و تاوانانه‌ی ده‌كات له دژی ئه‌و ڕامیارزانانه‌ی په‌یوه‌ندیـیان به گروپه میلیشـیاكانه‌وه هه‌یه.