Accessibility links

كۆنده‌لیزا ڕایس نیگه‌رانی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ بڕیاری دادگایه‌كی لیبی ده‌رده‌بڕێت


وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كۆنده‌لیزا ڕایس ده‌ڵـێت ئه‌و نائومێد بووه‌ و هه‌روه‌ها نیگه‌رانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ بڕیاری له‌ سـێداره‌دانی 5 سـسته‌ری بولگاری و دكتۆرێـكی فه‌له‌سـتینی كه‌ له‌ لایه‌ن دادگایه‌كی لیبیـیه‌وه‌ بۆیان ده‌رچووه‌ به‌ تاوانی توشـكردنی منداڵانی لیبی به‌ نه‌خۆشی ئه‌یدز (HIV).

ڕۆژی سـێشـه‌ممه‌ له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاخانم كۆنده‌لیزا ڕایس پـێشـوازی له‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی بولگاریا ئیڤه‌یلۆ كالفین كرد، وه‌ هه‌ردووكیان نائومێدی و نیگه‌رانی خۆیان به‌رامبه‌ر به‌ بڕیاری دادگایه‌كی لیبی نیشـاندا. به‌ڵام هه‌ردووكیشـیان هیوایان خواست ئه‌و بڕیاری له‌ سـێداره‌دانانه‌ جێبه‌جێ نه‌كرێت و ئه‌و سـسته‌رانه‌ و دكتۆره‌كه‌ له‌ كۆتایدا ئازاد بكرێن كه‌ له‌ سـاڵی 1999 وه‌ زیندان كراون.

دكتۆره‌ فه‌له‌سـتینیـیه‌كه‌ و 5 سـسته‌ره‌ بولگاریـیه‌كه‌ نكۆڵی له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌ ئه‌نقه‌ست ئه‌و 426 منداڵه‌یان له‌ نه‌خۆشـخانه‌یه‌كی لیبی له‌ كۆتایی نه‌وه‌كاندا توشی ئه‌یدز كردبێت.

یه‌كه‌م جار له‌ سـاڵی 2004 دا ئه‌و تاوانبارانه‌ بڕیاری له‌ سـێداره‌دانیان بۆ ده‌رچوو، به‌ڵام دادگای باڵای لیبیا داوای پـیاداچوونه‌وه‌ی به‌ بڕیاره‌كه‌دا كرد. ئه‌وه‌تا پـیاداچوونه‌وه‌كه‌ ئه‌نجامدرا و ‌ ئێسـتا به‌ هه‌مان تاوان و سزا دادگا بڕیاری دایه‌وه‌.

خانم ڕایس له‌ میانه‌ی گوته‌كه‌یدا بۆ په‌یامنێران هاوسـۆزی خۆی بۆ منداڵـه‌ توشـبووه‌كان ده‌ربڕی، به‌ڵام داخوازیـیه‌ له‌مێژه‌كه‌ی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكای بۆ ئازادكردنی سـسته‌ره‌ بولگاریـیه‌كان و دكتۆره‌ فه‌له‌سـتینیـیه‌كه‌ دووباره‌ كرده‌وه‌.

هه‌روه‌ها وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی بولگاریا ئیڤه‌یلۆ كالفین به‌زه‌یی زۆری به‌رامبه‌ر به‌ باری ته‌ندروسـتی منداڵه‌ توشبووه‌كان ده‌ربڕی، وه‌ هه‌ڵوێستی حكومه‌ته‌كه‌ی خۆی دووباره‌ كرده‌وه‌ و گوتی ئه‌وانه‌ گوناهبار نین و له‌ كۆتایدا ده‌بێت ڕێـگه‌یان پـێبدرێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ وڵاته‌كه‌یان.

XS
SM
MD
LG