ته‌قینه‌وه‌کانی ڕۆژی چوارشه‌ممه عێراق بوونه‌ته هۆی کوشتنی به لایه‌نی که‌مه‌وه 20 که‌س. هاوکاتیش له‌شکری ئه‌مه‌ریکی هانی ڕێبه‌رانی سیاسی عێراقی ده‌ده‌ن بۆ زیادکردنی هه‌وڵه‌کانیان له پێناو ڕاگرتنی ئه‌و کوشتنکارییه‌ی له ووڵاته‌که‌دا سه‌ری هه‌ڵداوه.
کاربه‌ده‌ستانی ئاسایشی عێراقی ده‌ڵێن ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبیلێکی بۆمب چێنراو له گه‌ڕه‌کێکی شیعه‌کان له ڕۆژهه‌ڵاتی به‌غدا بۆته هۆی کوشتنی به لایه‌نی که‌مه‌وه 10 که‌س و برینداربوونی 25 که‌س.
کاربه‌ده‌ستان ده‌ڵێن ئه‌م ته‌قینه‌وه‌یه ڕۆژی چوارشه‌ممه له نزیک بنکه‌یه‌کی ڕاوه‌ستانی پاس و مزگه‌وتێکی شیعه‌کان له ناوچه‌ی که‌مالیه ڕوویداوه.
هه‌روه‌ها دوو ئۆتۆمبیلی بۆمب چێنراوی دیکه له ناوچه‌یه‌کی د‌ه‌ره‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی به‌غدا ڕوویداوه و له ئاکامدا 5 کرێکار کوژراون و 10 که‌سی دیکه بریندار بوون. له‌شکری ئه‌مه‌ریکیش له به‌غدا ده‌ڵێت هێرشه‌که له نزیک مزگه‌وتێکی سونه‌کان ئه‌نجام دراوه.
هه‌ر له ڕۆژی چوارشه‌ممه‌دا و له شارۆچکه‌ی ریاز که 50 کم له باشوری که‌رکوکه‌وه دووره، دوو هێرشبه‌ری خۆکوژ به خۆیان و ئۆتۆمبیله‌کانیانه‌وه خۆیان کردووه به بنکه‌یه‌کی له‌شکری دا و خۆیان ته‌قاندۆته‌وه. له ئه‌نجامدا به لایه‌نی که‌مه‌وه 5 سه‌رباز کوژراون و 10 سه‌ربازی تریش بریندار بوون.
له گوندێکی باشوری به‌غداش، کۆمه‌ڵێک چه‌کدار هێرشیان کردۆته سه‌ر ماڵێک و پێنج ئه‌ندامی ئه‌و ماڵه شیعه ئاینزایه‌یان کوشتووه.
جێی باسه، ڕۆژی سێشه‌ممه‌ش له ئه‌نجام ته‌قینه‌وه‌یه‌کی خۆکوژی له ناوچه‌یه‌کی شیعه‌کان له به‌غدا 70 که‌س کوژران و 230 که‌سی دیکه‌ش بریندار بوون.
ووته‌بێژی له‌شکری ئه‌مه‌ریکیش ژه‌نه‌ڕاڵ ولیام کاڵدوێل هۆشداری به‌رزبوونه‌وه‌ی ئه‌م کرداره توندوتیژییانه‌یداوه و گوتویه‌تی ئه‌م ڕووداوانه هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بن ئه‌گه‌ر هاتوو ڕێبه‌رانی سیاسی عێراق هه‌وڵێکی به‌رفراوانتر بۆ زاڵ بوون به سه‌ر جیاوازییه‌کانی نێوانیان نه‌ده‌ن.