کاربه‌ده‌ستانی کۆشکی سپی ده‌ڵێن لوتکه‌ی ئاپێک که له ڤێنتام به‌ڕێوه ده‌چێت، بڕیاره له ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌دا ڕاگه‌یاندنێکی هاوبه‌ش سه‌باره‌ت به کۆریای باکور بڵاوبکه‌نه‌وه.
ڕاویژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی ستێفن هه‌یدڵی ده‌ڵێت کارکردن له‌سه‌ر پێکه‌وه‌نانی ئه‌و ڕاگه‌یاندنه له‌سه‌ر کۆریای باکوری تا ڕاده‌یه‌ک ته‌واو بووه، " واپێده‌چێت هه‌موو لایه‌نه‌کان کۆک بن له‌سه‌ر ئاشکراکردنی ئه‌و ڕاگه‌یاندنه به‌ڵام یه‌ک دوو کێشه‌ی که‌م له‌سه‌ر شێوازی ڕاگه‌یاندنه‌که ماوه."
کاربه‌ده‌ستێکی تری کۆشکی سپیش ده‌ڵێت له‌و ڕاگه‌یاندنه‌دا، نیگه‌رانی نیشان ده‌درێت سه‌باره‌ت به تاقیکردنه‌وه موشه‌کیه‌کانی کۆریای باکور و هه‌روه‌هاش تاقیکردنه‌وه ناوه‌کیه‌کانی که له مانگی ڕابردوودا ئه‌نجامی‌دا. هه‌مان کاربه‌ده‌ست گوتویه‌تی له ڕاگه‌یاندنه‌که‌دا داوا له کۆریای باکور ده‌كرێت به داخوازییه‌کانی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانه‌وه پابه‌ند بێت و بگه‌ڕێته‌وه بۆ به‌شداریکردن له ووتوێژه شه‌ش لایه‌نی‌یه‌کانی تایبه‌ت به به‌رنامه ناوه‌کی‌یه‌که‌ی.
له کاتێکیشدا که ئاماده‌ی لوتکه‌ی ئاپێک "لوتکه‌ی هاوکاری ئابوری ئاسیا-په‌یسفک" ده‌بێت له هانۆی ووڵاتی ڤێتنام، سه‌رۆک بوش له‌گه‌ڵ ڕێبه‌رانی ئه‌و چوار ووڵاته‌دا کۆده‌بێته‌وه که شان به شانی ووڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا دانوستاندن له‌گه‌ڵ پیۆنگ یه‌نگ‌دا ده‌که‌ن و له نێویاندا کۆریای باشور.
ئه‌مه‌ریکا ده‌یه‌وێت کۆریای باشور به شێوه‌یه‌کی چالاک به‌شداری جێبه‌جێکردنی ئه‌و به‌رنامه‌یه نێوده‌وڵه‌تی‌یه بکات که بانگه‌شه‌ی پشکنینی هه‌موو که‌شتی‌یه‌کانی کۆریای باکور ده‌کات که له‌وانه‌یه هه‌ڵگری ئه‌و جۆره که‌ره‌ستانه بن که له دروستکردنی چه‌کی ناوه‌کی‌دا به‌کارده‌هێنرێن.
کۆریای باکوریش ئه‌م داخوازییه‌ی ڕه‌ت کردۆته‌وه له‌به‌ر مه‌ترسی ئه‌گه‌ری هێرشی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له لایه‌ن کۆریای باکوره‌وه. له کۆتایی کۆبونه‌وه‌که‌دا، سه‌رۆک رۆ موهیون به سه‌رۆک بوشی گوتووه چی له توانایدا بێت ده‌یکات بۆ ئه‌وه‌ی فشار بخاته سه‌ر کۆریای باکور خواسته ناوه‌کیه‌کانی ڕابوه‌ستێنێت.
چه‌ند کاتژمێرێکیش پاشتر، سه‌رۆک بوش له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیری ژاپۆن شینزۆ ئابی کۆبۆوه. سه‌رۆک بوش گوتی "کاتێکی زۆرمان به ووتوێژکردن له‌سه‌ر کۆریای باکور و پابه‌ندبوونمان به سه‌رکه‌وتنی ووتوێژه شه‌ش لایه‌نی‌یه‌کانه‌وه به سه‌ر برد."
سه‌رۆک بوش له ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌دا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌وڵدان بۆ ده‌ستکه‌وتنی پشتگیری نێونه‌ته‌وه‌یی سه‌باره‌ت به کێشه‌ی ناوه‌کی کۆریای باکور و به نیازیشه له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی چین و ڕووسیادا کۆببێته‌وه.