كۆشـكی سـپی دڵنیگه‌رانی خۆی ده‌ربڕی به‌رامبه‌ر وه‌ك ده‌ڵێت زیادبوونی ئه‌و به‌ڵـگانه‌ی كه ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن سوریا و ئێران و حزبوڵـڵا پلان بۆ ڕوخاندنی حكومه‌تی لوبنانی
داده‌ڕێژن.
له ڕاگه‌یاندنێـكدا ڕۆژی چوارشه‌ممه سـكرتێری ڕۆژنامه‌وانی كۆشـكی سـپی تۆنی سـنۆ گوتی هه‌رچ هه‌وڵـێـك بۆ شڵه‌قاندنی حكومه‌تی لوبنانی، سه‌روه‌ری ئه‌و وڵاته و بڕیاره‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان پـێشـێـل ده‌كات.
تۆنی سـنۆ گوتیشی به‌ڵـگه هه‌یه سوریا ده‌یه‌وێت ڕێـگه له لوبنان بگرێت له په‌سه‌ندكردنی بڕیارێـكی دادگای نێونه‌ته‌وه‌یی كه بۆ دادگایـیـكردنی ئه‌و كه‌سـانه‌یه كه پـێده‌چێت ده‌سـتیان له كوشـتنه‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیری پـێشـووی لوبنان ڕه‌فیق حه‌ریری هه‌بووبێت، ئه‌وه‌ی له ته‌قینه‌وه‌كه‌ی 2005 دا له به‌یروت كوژرا.
هه‌فته‌ی ڕابردووش وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كۆنده‌لیزا ڕایس له چاوپـێـكه‌وتنێـكی ته‌له‌فیزیۆنیدا هۆشـداری دا به‌وه‌ی ڕه‌نگه هه‌ندێ خه‌ڵك هه‌وڵی شڵه‌قاندنی حكومه‌ته‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیر فوئاد ئه‌لسه‌نیوره بده‌ن.
له هه‌واڵێـكی دیكه‌ی لوبناندا، هه‌ر ڕۆژی چوارشه‌ممه بۆمبێـك گیراوه‌ته بنكه‌یه‌كی پـۆلیس له شاری به‌یروت، وه هیچ زیانی لێـنه‌كه‌وتۆته‌وه.