ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقی ده‌ڵێن زنجیره‌یه‌ك هێرشی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمب و نارنجۆك و
شه‌ڕوپێكدادانی ڕۆژی سێشه‌ممه له سه‌رانسه‌ری ووڵاتدا بۆته هۆی كوشتنی ده‌یان كه‌سی دیكه. هێرشه‌كان له به‌غدا و موسڵ و چه‌ندین شارۆچكه‌ی ووڵاته‌كه‌دا ڕوویانداوه.
هاوكات، له‌شكری ئه‌مریكی ده‌ڵێت له ڕۆژی هه‌ینییه‌وه و له میانه‌ی ڕووداوه توندوتیژییه نه‌ژادییه‌كانی نێوان موسوڵمانه شیعه‌كان و سونه‌كان له شارۆچكه‌ی به‌له‌د، زیاتر له 60 كه‌س كوژراون.
پێشتریش، ڕاپۆرته هه‌واڵییه‌كان ڕایانگه‌یاند كه‌وا ژماره‌ی قوربانیه‌كانی شارۆچكه‌ی به‌له‌د، نزیكه‌ی 100 كه‌سه.
له هه‌مان به‌یاننامه‌ی له‌شكری ئه‌مریكیدا ڕاده‌گه‌یه‌ندرێت كه له‌شكری ئه‌مریكی ڕۆڵی نۆبه‌داری له به‌له‌د ده‌بینن و پشتگیری له هێزه‌كانی عێراقی ده‌كه‌ن كه هه‌وڵی ڕاگرتنی شه‌پۆلی ڕووداوه خوێناوییه‌كانی له‌و شارۆچكه‌یه‌دا ده‌ده‌ن.
هه‌ر به پێی له‌شكری ئه‌مریكی، هێزه‌كانی هاوپه‌یمان دوو ئه‌فسه‌ری پۆلیسی عێراقییان ده‌ستگیركردووه كه گوناهباركراون به‌وه‌ی ده‌ستیان له سه‌ربڕینی 19 شیعه‌ی شاری زولوعییه هه‌بووه. كاربه‌ده‌ستانی ناوخۆش ده‌ڵێن ئه‌و چه‌كدارانه په‌یوه‌ندییان به مه‌لای ڕادیكاڵی شیعه‌كان موقته‌دا ئه‌لسه‌دره‌وه هه‌بووه. كاربه‌ده‌ستانی عێراقیش ده‌ڵێن به لایه‌نی كه‌مه‌وه 74 عه‌ره‌بی سونه له ئاكامی هێرشه‌كانی تۆڵه سه‌ندنه‌وه كوژراون. هه‌ربۆیشه ژماره‌یه‌كی زۆری خێزانه سونه ئاینزاكان له ناوچه‌كه ڕایانكردووه.
هاوكات، چه‌كداران چوار خوێندكار و دكتۆرێكی ژنیان له شاری به‌سره‌ی باشوری عێراق كوشتووه.
له شاری موسڵی باكوری عێراقیش، كارگێڕی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان فه‌تاح ره‌شید هه‌كاری كوژراوه.