هێزه‌كانی هاوپه‌یمانانی به سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مریکا له ئه‌فغانستان ده‌ستیان کردووه به هه‌ڵمه‌تێکی گه‌ڕان به شوێن یاخیبوان و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی پارێزگاکانی باشوری ووڵاته‌که. کاربه‌ده‌ستان ده‌ڵێن هه‌زاره‌ها سه‌رباز به‌و ناوچانه‌دا دابه‌شکراون که ژماره‌یه‌کی زۆری تاڵیبانه‌کانی لێ‌یه به‌و هیوایه‌ی ئارامی و ئاسایش بۆ ئه‌و ناوچانه بگه‌ڕێنرێته‌وه.
ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه به گه‌وره‌ترین هه‌ڵمه‌تی هێزی هاوپه‌یمانان داده‌نرێت که له ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوودا ئه‌نجامیان دابێت. له‌م هه‌ڵمه‌ته‌دا 11،000 سه‌رباز به‌سه‌ر چوار پارێزگای باشوری ووڵاته‌که‌دا دابه‌ش ده‌کرێن که بریتین له هێلماند، ئوروزگان، زابول و قه‌نده‌هار.
ووته‌بێژی له‌شکری ئه‌مریکی کۆڵۆنێل تام کۆڵنس له میانه‌ی کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌وانی ڕۆژی چوارشه‌ممه له کابوڵی پایته‌ختی ئه‌فغانستان گوتی له ماوه‌ی مانگی داهاتوودا، هێزه‌کانی هاوپه‌یمان و ئاسایشی نیشتمانی ئه‌فغانی ئۆپه‌راسیۆنی " په‌لاماری شاخ" ده‌ست پێ ده‌که‌ن که تیایدا تاڵیبانه تونده‌ڕه‌وه‌کان نیشانه ده‌که‌ن.
له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌شدا زیاتر له 2000 سه‌ربازی ئه‌مریکی شان به شانی سه‌ربازی به‌ریتانی و که‌نه‌دی و ئه‌فغانی به‌شداری ده‌که‌ن.
ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ش که له مانگی ڕابردووه‌وه ده‌ستی پێکردووه، واپێده‌چێت له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا توندترێک ب‌بێت و چه‌ند ناوچه‌یه‌کی زیاتری بگرێته‌وه، هه‌روه‌ها هێرشی زیاتریش بکرێته سه‌ر حه‌شارگه‌کانی تاڵیبانه‌کان. ئه‌م په‌لاماره سه‌ربازییانه له کاتێکدا دێن که تاڵیبانه یاخیبوه‌کان له هێرشه‌کانیان له ووڵاته‌که‌دا به‌رده‌وامن.
زۆربه‌ی شه‌ڕ و پێکدادانه‌کانی ئه‌م دواییه له باشوری ئه‌فغانستان ڕوویانداوه. کاربه‌ده‌ستانی ئه‌فغانی ده‌ڵێن له ماوه‌ی مانگی ڕابردوودا زیاتر له 500 که‌س گیانیان له ده‌ستداوه که زۆربه‌یان چه‌کداران بوون.
کۆڵۆنێل کۆڵنس ده‌ڵێت ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنانه ته‌نها له پێناو گرتن و کوشتنی توندڕه‌وه‌کاندا نیه به‌ڵکو یه‌کێک له هۆیه‌کانی ئه‌نجامدانی بۆ ئه‌وه‌یه که یارمه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه و باوه‌ڕ به حکومه‌تی ئه‌فغانی بدرێت به تایبه‌تی پاش ئه‌وه‌ی نیگه‌رانیه‌کی زۆر په‌یدا بووه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی توانای کۆنتڕۆلکردنی ووڵاته‌که‌یان نه‌ماوه .
هاوکاتیش هێزه‌کان کۆمه‌كی مرۆیی دابین ده‌که‌ن و یارمه‌تی ته‌واوبونی پرۆژه‌کانی ئاوه‌دانکردنه‌وه ده‌ده‌ن که به به‌شێکی سه‌ره‌کی ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنانه داده‌نرێن.