سه‌رۆک بوش ده‌ڵێت ئه‌و خۆشحاڵ بووه به‌وه‌ی که توانیویه‌تی سه‌ردانی پایته‌ختی عێراقێکی ئازاد و دیموکرات بکات و وه‌ک هانده‌رێک بووه.
به‌ڕێز بوش ڕۆژی چوارشه‌ممه له کۆشکی سپی ئه‌م تێبینیانه‌یدا له ڕۆژێک پاش ئه‌وه‌ی گه‌شتێکی کتوپری بۆ ناو به‌غدا کرد.
سه‌رۆک گوتیشی ئه‌و خۆشحاڵ بووه به‌وه‌ی چاوی به سه‌رۆک وه‌زیری عێراقی نوری ئه‌لمالکی که‌تووه.
ڕۆژی سێشه‌ممه، سه‌رۆک بوش له به‌غدا به‌ڵێنی دا به پشتگیری کردن له حکومه‌تی نوێی عێراق هه‌تاوه‌کو ئه‌و کاته‌ی توانای به‌رگری کردن له خۆیان ده‌بێت.
سه‌رۆک بوش له میانه‌ی ئه‌و سه‌ر‌دانه‌دا به به‌ڕێز ئه‌لمالکی گوت داهاتووی ووڵاته‌که له ده‌ستی ئه‌ودایه و ووڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکاش یارمه‌تی ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ربکه‌وێت. سه‌رۆک وه‌زیری عێراقیش گوتی حکومه‌ته‌که‌ی سووره له‌سه‌ر سه‌رکه‌وتن و به‌رهه‌ڵستی کردنه‌وه‌ی تیرۆریزم به یارمه‌تی ئه‌مریکا.
زۆربه‌ی ڕێبه‌رانی سیاسی عێراقی گه‌شته‌که‌ی سه‌رۆکیان به هێمایه‌کی گرنگی پشتگیری له حکومه‌تی یه‌کگرتووی نیشتمانی نوێی عێراق وه‌سف کرد. لایه‌نگرانی ڕێبه‌ری شیعه‌کانیش موقته‌دا ئه‌لسه‌در ڕۆژی چوارشه‌ممه له سه‌ر شه‌قامه‌کانی به‌غدا خۆپیشاندانیان ساز کرد و ناڕه‌زاییان له دژی سه‌ردانه‌که‌ی به‌ڕێز بوش ده‌ربڕی.
سه‌رۆک بوش له میانه‌ی سه‌ردانه‌که‌یدا به سه‌ربازه ئه‌مریکیه‌کانی له عێراق گوت که‌وا ووڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا له یارمه‌تیدان بۆ بونیاتنانی عێراقێکی ئازاد به‌رده‌وام ده‌بێت، هه‌روه‌هاش به شوێن که‌سانی وه‌ک ئه‌بو مه‌سعه‌ب ئه‌لزه‌رقاوییدا ده‌گه‌ڕێن که هه‌فته‌ی ڕابردوو له عێراق کوژرا.