Accessibility links

چین سه‌باره‌ت به باجی سه‌ر پارچه‌ی ئۆتۆمبیل ئاماده‌یه وتووێژ بكات


به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی سه‌پاندنی باج له‌سه‌ر پارچه‌ی یه‌ده‌كی ماشێن حكومه‌تی چین ئه‌نجامدانی وتووێژی له‌گه‌ڵ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و یه‌كێتی ئه‌وروپادا په‌سه‌ند كردووه‌.

له‌ مانگی ڕابوردوودا ئه‌مریكا و یه‌كێتی ئه‌وروپا دۆزه‌یه‌كیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پـێـشـكه‌ش به‌ ڕێـكخراوی بازرگانی جیهانی كرد و تیایدا هاتووه‌، حكومه‌تی په‌كین به‌ شـێوه‌یه‌كی ناڕه‌وا سزای به‌رهه‌مهێنه‌رانی ئۆتۆمبیلی بیانی ناو چین ده‌دات، ئه‌وانه‌ی بۆ به‌رهه‌مهێنانی ئۆتۆمبیله‌كانیان پارچه‌ی ماشێنی هاورده‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی چین دێنن.

وه‌زیری بازرگانی چین ده‌ڵێت، كات و شوێنی وتووێژه‌كانی بازرگانی له‌گه‌ڵ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و یه‌كێتی ئه‌وروپا هێشتا دیاری نه‌كراوه‌.

ده‌زگای میدیای ده‌وڵه‌تی چین داكۆكی له‌ بڕیاری سه‌پاندنی باج له‌سه‌ر كه‌ره‌سه‌ و پارچه‌ی ماشێنی هاورده‌ ده‌كات و ده‌ڵێت ئه‌و كاره‌ پـێویسته‌ له‌ پـێـناو به‌گژداچونه‌وه‌ی ڕه‌فتاری نا ڕه‌وای بازرگانان كه‌ له‌ لایه‌ن به‌رهه‌مهێنه‌رانی بیانیـیه‌وه‌ پـیاده‌ ده‌كرێت.

هاوكات ئاژانسی هه‌واڵه‌كانی ژینهوا ده‌ڵێت به‌ مه‌به‌ستی ده‌ربازبوونیان له‌ نه‌دانی باجی سه‌ر پارچه‌ی ماشێنی هاورده،‌ هه‌ندێ له‌ به‌رهه‌مهێنه‌رانی بیانی ماشێنه‌كانیان به‌ر له‌وه‌ی بگاته‌ چین هه‌ڵده‌وه‌شـێنن و دواتر ده‌یانبه‌ستنه‌وه‌.

XS
SM
MD
LG