كۆمه‌ڵێک چه‌کدار به جلوبه‌رگی ڕه‌سمیه‌وه په‌لاماری کۆمپانیایه‌کی ئاسایشی تایبه‌تییان له به‌غدا داوه و ده‌یان کارمه‌ندی کۆمپانیه‌که‌یان وه‌ک بارمته ده‌ستگیرکردووه.
پۆلیسی عێراق ده‌ڵێن ئه‌و چه‌کدارانه به لایه‌نی که‌مه‌وه 50 که‌سی ئه‌و کۆمپانیایه‌یان له ئۆفیسه‌کانی گه‌ڕه‌کی زه‌یونه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی به‌غدا ڕفاندووه.
هه‌روه‌ها پۆلیسی عێراقی ده‌ڵێن ژماره‌یه‌ک بۆمبی لاڕێ ته‌قیوه‌ته‌وه و یه‌کێکیان له کاتێکدا ڕوویداوه که کاروانێکی وه‌زاره‌تی ناوخۆ به شه‌قامێکی ناوه‌ندی به‌غدا تێپه‌ڕیوه. له ئاکامی ڕوودانی ئه‌م ته‌قینه‌وانه‌دا به لایه‌نی که‌مه‌وه چوار که‌س کوژراون.
پێشتریش، تیمێکی نۆبه‌داری هێزی ئاسایش ته‌رمی 20 لاوییان له ئۆتۆمبیلێکی جێهێڵراو له گه‌ڕه‌کی ئه‌لئه‌میرییه دۆزیوه‌ته‌وه که زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌که‌ی عه‌ره‌بی سوننه‌ن.
لێپرسراوانی عێراقی ده‌ڵێن دوو له قوربانیه‌کان له‌وه ده‌چێت ته‌قه‌یان لێکرابێت و زۆربه‌یان ده‌ست و چاوییان به‌ستراوه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها وا پێشده‌چێت که زۆربه‌ی ئه‌و قوربانیانه به هه‌ڵواسین کوژرابن.
تاوه‌کو ئێستا ناسنامه‌ی قوربانیه‌کان و یاخود هۆکاری کوشتنه‌که‌یان ئاشکرا نه‌کراوه، به‌ڵام ئه‌م کاری کوشتنه به کۆمه‌ڵه له کاتێکدا دێت که توندوتیژی تایفی له وڵاته‌که‌دا سه‌ری هه‌ڵداوه.
له لایه‌کی تریش، له‌شکری ئه‌مریکی ڕاده‌گه‌یه‌نێت که‌وا سه‌ربازیکی ئه‌مریکی گیانی له ده‌ستداوه پاش ئه‌وه‌ی بۆمبێکی لاڕێ له نزیک تیمی نۆبه‌دارییه‌که‌یدا له نزیک شاری ته‌له‌عفه‌ر ته‌قیوه‌ته‌وه