دادگایی کردنی سه‌رۆکی لابراوی عێراقی سه‌دام حوسه‌ین و حه‌وت که‌س له ده‌ست و پێوه‌نده‌که‌ی بۆ ڕۆژی یه‌کشه‌ممه دواخرا پاش ئه‌وه‌ی دانیشتنه‌که‌ی ڕۆژی سێشه‌ممه به‌ڕێوه نه‌چوو.
قسه‌که‌رێکی دادگاکه به ڕۆژنامه‌وانانی ڕاگه‌یاند بڕیاری دواخستنی دانیشتنه‌که‌ی دادگایان داوه به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ندێ له گه‌واهده‌ره‌کان نه‌یانتوانیوه ئاماده ببن.
ڕۆژنامه‌وانان بۆ ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتێک چاوه‌ڕوانی ده‌ستپێکردنی دانیشتنی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ی دادگایان ده‌کرد.
ڕۆژی دووشه‌ممه، دادگاکه دادوه‌ر ره‌ئوف ره‌شید عه‌بدولره‌حمان که کوردێکه ده‌ست نیشانی کرد بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆکی دادوه‌ران به شێوه‌یه‌کی کاتی تاوه‌کو جێگه‌ی سه‌رۆکی پێشووی ده‌ست له کار کێشاوه‌ی دادگاکه ڕزگار موحه‌ممه‌د ئه‌مین بگرێته‌وه.
له لایه‌کی تره‌وه له به‌غدا، کۆمه‌ڵێک چه‌کداری نه‌ناسراو دوو ئه‌ندازیاری ئه‌ڵمانیان فڕاندووه که بۆ ده‌زگای پاڵاوگه‌کانی نه‌وت له شاری باجی باکوری به‌غدا کارییان ده‌کرد.
هه‌روه‌ها له‌شکری ئه‌مریکی ده‌ڵێت دوو سه‌رباز رۆژی دووشه‌ممه کوژران کاتێک که بۆمبێکی سه‌ر ڕێگا له یه‌کێک له شه‌قامه‌کانی به‌غدا ته‌قیه‌وه. هاوکات دوو ما‌رینزی ئه‌مریکیش له ئاکامی ڕووداوێکی به‌ریه‌ک که‌وتنی ئۆتۆمبیل‌دا گیانیان له ده‌ستدا.