دادوه‌رێکی عێراقی دادگایی کردنی ڕێبه‌ری پێشووی عێراقی سه‌دام حوسه‌ین و حه‌وت که‌سه‌که‌ی تری بۆ پێنجی مانگی دوانزده/ دیسه‌مبه‌ر دواخست.
سه‌رۆکی دادوه‌رانی ئه‌م دادگا تایبه‌ته، ڕزگار موحه‌ممه‌د ئه‌مین، ڕۆژی دووشه‌ممه ئه‌م بڕیاری دواخستنه‌یدا تاوه‌کو پارێزه‌ری به‌رگریکردنی نوێ له جێگه‌ی ئه‌و دوانه دابنرێت که له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا کوژران، هه‌روه‌ها له جیاتی ئه‌و پارێزه‌ره‌ش که پاش برینداربوونی له میانه‌ی هێرشێکدا ووڵاته‌که‌ی جێهێشت.
دادگایی کردنه‌که ڕۆژی دووشه‌ممه پاش دواخستنێكی پێنج هه‌فته‌یی ده‌ستی پێکرده‌وه. مه‌راسیمی دادگایی کردنه‌که له ڕێگای ته‌له‌فزیۆنه‌وه بڵاوکرایه‌وه و ده‌رکه‌وت تاوانباران بۆ ماوه‌یه‌کی کورت مشتومڕییان له‌گه‌ڵ دادگاکه‌دا کردووه و دادوه‌ره‌که‌یان تاوانبار کردووه به‌وه‌ی ئه‌م دادگایی کردنه له‌سه‌ر فه‌رمانی داگیرکه‌رانی عێراق به‌ڕێوه ده‌بات.
رامسی کلارک وه‌زیری پێشووی دادی ئه‌مریکی و نه‌جیب ئه‌لنوعه‌یمی وه‌زیری پێشووی دادی قه‌ته‌ری ته‌نها دوای چه‌ند ڕۆژێک له به‌شداربوونیان له تیمی به‌رگریکردن ئاماده‌ی دادگا بوون. شیکه‌ره‌وان ده‌ڵێن ئاماده‌بوونیان بریتی بوو له به‌هێزکردنی ڕه‌وایی نێونه‌ته‌وه‌یی تیمی به‌رگریکردنه‌که.
کاتێک که دادگایی کردنه‌که ده‌ست پێ ده‌کاته‌وه، پێشبینی ده‌کرێت لێپرسراوانی داد داوای گه‌واهده‌ران له‌سه‌ر كوژرانی زیاتر له 140 که‌سی گوندییه شیعه‌کانی دوجه‌یل بكه‌ن واته پاش ئه‌و هه‌وڵه سه‌رنه‌كه‌وتوانه‌ی ساڵی 1982 بۆ کوشتنی سه‌دام حوسه‌ین درا، كوژران.