Accessibility links

سەرچاوە: نزیکەی 15 هەزار چەکداری حوسییەکانی یەمەن لە مانگی شەشەوە تاوەکو ئێستا کوژراون


سەرچاوەیەکی نزیک لە حوسییەکانی یەمەنەوە وتی لە ناوەڕاستی مانگی شەشەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 15 هەزار چەکداری حوسییەکان لە نزیک شاری ستراتیژی مەئریب کوژراون.

بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری حوسییەکان بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " لە ناوەڕاستی مانگی شەشەوە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانیتی سەربازی بە ڕابەرایەتی سعودیە و شەڕ و پێکدادانەکانەوە 14,700 چەکداری حوسییەکان لە نزیک مەئریبەوە کوژراون."

بەرپرسێکی دیکەی هەمان شوێن ئەو ژمارەیەی پشتڕاست کردەوە.

دوو سەرچاوەی سەربازیی حکومەتی یەمەنیش بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسیان وت لە مانگی شەشەوە زیاتر لە 1200 چەکداری سەر بە حکومەت کوژراون لەکاتێکدا بەرگرییان لە ناوچەکانی نزیک مەئریب کردووە.

شاری مەئریب دوایین شوێنی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی یەمەنە لە باکووری وڵاتەکە و دەوڵەمەندە بە نەوت.

ساڵی ڕابردوو حوسییەکانی یەمەن کە هاوپەیمانی ئێرانن دەستیان کرد بە هەڵمەتێکی گەورەی سەربازیی بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارەکە.

بەهۆی دانوستانەکانەوە چەند جارێک شەڕ و پێکدادانەکان ڕاگیراون، بەڵام لە مانگی دوودا حوسییەکان دووبارە دەستیان بە هێرشەکانیان کردەوە، لە مانگی شەشدا هێرشێکی گەورە ڕوویدا و لە مانگی نۆوە شەڕ و پێکدادانەکان چڕتر بوونەتەوە.

لە ساڵی 2015 دا هاوپەیمانی سەربازی بە ڕابەرایەتی سعودیە هاتە جەنگی ناوخۆی یەمەنەوە و پشتیوانی حکومەتی یەمەنی کرد کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە دانیپێدانراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە هاوپەیمانێتیەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی لە ساڵی ڕابردووەوە نزیکەی 27 هەزار چەکداری حوسییەکان لە شەڕی مەئریبدا کوژراون.

یەکێک لە بەرپرسانی حکومەتەکەی یەمەن وتی " لە مانگی شەشەوە لەنزیک مەئریب 1200 سەرباز کوژراون." بەرپرسێکی دیکەی سەربازیی حکومەتی یەمەن ئەو ژمارەیەی پشتڕاستکردەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت شەڕ و پێکدادانەکانی یەمەن بوونەتە هۆی دروستبوونی خراپترین قەیرانی مرۆیی لە جیهاندا. دەیان هەزاران کەس کوژراون و ملیۆنان هاوڵاتی دیکە ئاوارەبوون.

شارەزایان دەڵێن لەدەستدانی مەئریب شکستێکی گەورە دەبێت بۆ حکومەتی یەمەن و هەروەها پێگەی حوسییەکانیش لە دانوستانەکانی ئاشتیدا لە داهاتوودا بەهێزتر دەکات.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG