Accessibility links

سەرۆکی ڤەنزوێلا دەڵێت بەمزووانە سەردانی ئێران دەکات


سەرۆکی ڤەنزوێلا نیکۆلاس مادورۆ
سەرۆکی ڤەنزوێلا نیکۆلاس مادورۆ

سەرۆکی ڤەنزوێلا نیکۆلاس مادورۆ وتی بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکەوتنەکانی نێوانیان سەبارەت بە هاریکارییەکان لەگەڵ ئێراندا بەمزووانە سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.

ئێران بووەتە هاوپەیمانێکی سەرەکی ڤەنزوێلا لەڕووی پێدانی سوتەمەنی بەو وڵاتە لەنێوەندی سزاکانی ئەمەریکادا.

لە ساڵی ڕابردووەوە ئێران و ڤەنزوێلا پەیوەندییەکانی نێوانیان پتەوکردووە.

حکومەتەکەی مادورۆ کەلوپەلی سەرەکیی لە ئێران وەرگرتووە بۆ پیشەسازی سوتەمەنییەکەی، لەبەرامبەریشدا ئێران نەوتی خاو و سەرچاوەی سەرەکی دیکەی لە ڤەنزوێلاوە بەدەست گەیشتووە. لە ساڵی 2021 دا ئێران ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە ڤەنزوێلادا.

مادورۆ لە چاوپێکەوتنێکدا وتی " بەمزووانە سەردانی تاران دەکەم، لە سەردانێکدا کە سەرۆک ئیبراهیم ڕەئیسی پێشنیاری کردووە بۆم، بۆ ئەوەی ڕووبەڕوو یەکتر ببینین و گفتوگۆ بکەین و ڕێکەوتنی نوێ واژۆ بکەین، هەروەها هاریکارییەکانیش خێراتر بکەین."

مادورۆ وتی دوو پەیوەندیی تەلەفونی لەگەڵ سەرۆکی ئێراندا ئەنجامداوە و ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی کار لەسەر پلانی نوێ بکەن، بەڵام وردەکاریی زیاتری لەسەر ئەو پەیوەندییانە نەدا.

مادورۆ وتی لە ساڵی 2022 دا ڤەنزوێلا هەوڵ دەدات دووبارە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا چالاک بکاتەوە، وتی " جیهانی عەرەبی ئێمەیان خۆشدەوێت، دەزانم حکومەتە عەرەبیەکان و خەڵکەکەیان ڤەنزوێلایان خۆشدەوێت."

لە ساڵی 2019 ەوە ئەمەریکا سزای سەپاندووە بەسەر ڤەنزوێلادا، ئەمەش کاریگەریی هەبووە لەسەر تواناکانی ڤەنزوێلا بۆ فرۆشتنی نەوتی خاو و هاوردەکردنی بەنزین، ئەوەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەنزین لە وڵاتەکەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG