شایەتحاڵان دەڵێن بەهۆی بڕیارێکی بەرپرسانی تونسەوە بۆ دووبارە کردنەوەی شوێنێکی ڕشتنی خۆڵەوە لە باشووری شارۆچکەی عەقاریب، خۆپیشاندەران توڕەبوون و ئاگرییان بەرداوەتە بنکەیەکی پۆلیسەوە.
زیادبوونی گرژییەکانی خۆپیشاندانەکان ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کەسێک کە وەکو خێزانەکەی و شایەتحاڵان دەڵێن بەهۆی ئەو گازەی پۆلیس بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران بەکاریهێناوە گیانی لەدەستداوە، وەزارەتی ناوخۆش دەڵێت ئەو کەسە بەشداری خۆپیشاندانەکانی نەکردووە و لە ماڵەکەی خۆیدا گیانی لەدەستداوە، ماڵەکەشی شەش کیلۆمەتر لە خۆپیشاندانەکانەوە دوورە.
پێکدادانێکی توند لەنێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسدا لەسەر شەقامەکانی شارۆچکەی عەقاریب ڕوویدا، پۆلیسی شارۆچکەکە گازی فرمێسک ڕژێنی بەکارهێنا بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران کە هەوڵیان دەدا ڕێگاکە بگرن و بەردییان دەگرتە پۆلیسەکان.
ئەم ڕووداوە یەکەمین تاقیکردنەوەی جددییە کە ڕووبەڕووی حکومەتەکەی نەجلە بودن بۆتەوە لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردنی لەگەڵ خۆپیشاندانەکاندا، ناڕەزاییەکانی خۆپیشاندەران لەسەر کەمی خزمەتگوزارییەکان و بارودۆخی خراپی کۆمەڵایەتی و ژینگەی وڵاتەکەیە.
لەم ساڵدا شوێنی خۆڵ ڕشتنی عەقاریب کە 20 کیلۆمەتر لە شاری سفاکسەوە دوورە، داخرا. ئەوەش دوای ئەوەی دانیشتوانی ناوچەکە سکاڵایان کرد لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و بە کارەساتێکی ژینگەیی ناودێرییان کرد.
داخستنی ئەو شوێنە بووە هۆی ئەوەی هەزاران تەن لە خۆڵ و پیسی ماڵان بۆ ماوەی مانگێک لەسەر شەقام و مارکێت و نەخۆشخانەکانی سفاکسدا کۆببێتەوە، کە دووەمین گەورەترین شاری تونسە، ئەوەش خۆپیشاندانەکانی لێکەوتەوە.
سەرۆکی تونس قەیس سەعید ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بۆتەوە دوای ئەوەی لە مانگی حەوتدا زۆربەی بەندەکانی دەستووری وڵاتەکەی پشتگوێ خست و نزیکەی سەرجەم دەسەڵاتەکانی وڵاتەکەی گرتەدەست.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا