بەرپرسانی ناوخۆی ویلایەتی تێنێسی دەڵێن بەهۆی لافاوەوە لە باشووری ویلایەتەکە لانی کەم 21 کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسی دیکە بێسەروشوێن بوون، هەروەها وتیشیان لەوانەیە ئەو ژمارەیە زیاد بکات.
ڕۆژی شەممە لە ویلایەتی تێنێسی 38 سانتیمەتر باران باری و بووە هۆی هەستانی لافاو و زریان لە ویلایەتەکە.
لافاوەکە شەقامە سەرەکییەکان و پردەکانی ویلایەتەکەی داپۆشی و بووە هۆی پچڕانی هێڵەکانی کارەبا کە کاریگەری لەسەر هەزاران کەس هەبوو.
سەرۆکی پۆلیسی ناوچەی وەیڤەرلی لە شارۆچکەی هەمفریس گرانت گیلیسپی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی 20 کەس لە شارۆچکەکەدا گیانیان لەدەستداوە.
وتیشی ئەو کەسەی دیکە کە گیانی لەدەستداوە لە ناوچەیەکی دەشتایی دیکەدا بووە لە شارۆچکەکەدا.
سەرەتا 40 کەس بێسەروشوێن بوون، بەڵام تاوەکو درەنگانێکی دوانیوەڕۆ ژمارەکە بۆ نیوە کەم بۆوە. گیلیسپی وتی " هیوادارین سەرجەم ئەوانەی بێسەروشوێن بوون بیاندۆزینەوە."
ڕۆژی یەکشەممە تیمەکانی فریاکەوتن بەردەوام بوون لە گەڕانەکانیان و دەرگا بە دەرگا دەگەڕان بەدوای ئەو کەسانەدا کە پێویستیان بە یارمەتی هەبووە.
لەلای خۆیەوە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا " پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی سەرجەم ئەوانە کرد کە لەناکاو کەسێکیان لەدەستداوە."
بایدن وتی " داوام لە بەڕێوبەری دەزگای فیدڕاڵی بەڕێوبەرایەتی فریاکەوتن کردووە بەزووترین کات قسە لەگەڵ فەرمانڕەوای تێنێسی بیڵ لیدا بکات و هەرچی پێویستیەک هەبوو دابینی بکات."
سەرۆکی پۆلیسی شارۆچکەی هەمفریس کریس دەیڤس بە تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێنی وت دوو منداڵی ساوا لەنێو ئەوانەدا بوون کە گیانیان لەدەستداوە. دەیڤس خۆشی هاوڕێیەکی لە لافاوەکەدا لەدەستداوە.
دەیڤس وتی کۆمەڵێک منداڵی دیکەش بێسەروشوێن بوون.
سەرچاوە/ فرانس پرێس