Accessibility links

تاڵیبان: ئەمەریکا ئەفغانییەک لە گوانتانامۆ ئازاد دەکات


ڕۆژی هەینی تاڵیبانی ئەفغانستان ڕایگەیاند دوای 15 ساڵ ئەمەریکا یەکێک لەو دوایین دوو ئەفغانییەی ئازاد کردووە کە لە بەندینخانەی سەربازیی ئەمەریکا لە گوانتانامۆ بەند کرابوو.

تاڵیبان دەڵێت ئازادکردنی ئەسەدوڵا هاڕوون دەرەنجامی " گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆ و ئەرێنی نێوان تاڵیبان و واشنتن بووە."

بەندکراوە 39 ساڵەکە لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ ڕادەستی بەرپرسانی تاڵیبان کرا.

بەرپرسی ئۆفیسی تاڵیبان لە دەوحە، سوهەیل شاهین، بە دەنگی ئەمەریکای گوت هاڕوون خەڵکی هەرێمی نانگەرهاری ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستانە.

شاهین گوتی " داوا لە ئەمەریکا دەکەم ئێستا دوایین بەندکراوی ئەفغانی لە بەندیخانەی گوانتانامۆ ئازاد بکات، هەروەها ئەو دەستبەسەرکراوانەی دیکەش کە تەنها گومانیان لێکراوە و لەوێ گیراون."

بەندکراوە ئەفغانییەکەی دیکە ناوی محەمەد ڕەحیمە و بە تۆمەتی هاوکارێکی نزیکی دامەزرێنەری ئەل قاعیدە ئوسامە بن لادن تۆمەتبار کراوە.

ڕۆژی چوارشەممە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا گوتی ئازادکردنەکەی هاڕوون دوابەدوای فەرمانی دادگایەکی ئەمەریکا بوو کە تیایدا ئاماژەی بەوەدا بوو ئەمەریکا چیتر دەسەڵاتی یاسایی نیە بۆ هێشتنەوەی لە بەندینخانەدا.

لەم هەفتەیەدا کۆمەڵێک سیناتۆری ئەمەریکی پڕۆژە بڕیارێکیان پێشکەش کرد کە تیادا گواستنەوەی بەندکراوەکانی گوانتانامۆ بۆ ئەفغانستان قەدەغە دەکات.

سیناتۆری کۆمارییەکان مارکۆ ڕوبیۆ گوتی " شتێکی بێباکانە و نابەرپرسیارانەیە ئەسەدوڵا هاڕوون گول ئەل ئەفغانی بدرێتەوە بە تاڵیبان. ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە کە ئێستا کۆنتڕۆڵی ئەفغانستانی کردووە ناتوانێت دڵنیایی بدات لەسەر ئەوەی هاڕوون یاخود هەر دەستبەسەرکراوێکی دیکە کە ئازادکراون، جارێکی دیکە ناگەڕێنەوە بۆ گۆڕەپانی شەڕەکە و هاوڵاتیانی ئەمەریکی یاخود هاوڵاتیانی مەدەنی بێتاوان ناکوژنەوە.

دەوترێت هاڕوون پێش دەستگیرکردنەکەی بازرگانی هەنگوین بووە و لە ساڵی 2007 دا لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە دەستگیرکراوە، لەکاتێکدا کە هێزەکانی ئەمەریکا شەڕییان لەگەڵ تیرۆریستانی ئەل قاعیدە و تاڵیباندا دەکرد.

ئەمەریکا دەڵێت گوایە هاڕوون پەیامبەری ئەل قاعیدە بووە و وەکو فەرماندەیەک لەگەڵ حزبی ئیسلامی ئەفغانیدا کاری کردووە، حزبی ئیسلامی گروپێکی چەکدار بوون و هەماهەنگی هێرشەکانیان کردووە بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان. هاڕوون دانی بەوەدانا کە ئەندامی حزبی ئیسلامی بووە، بەڵام ڕەتی کردەوە پەیوەندی بە ئەل قاعیدەوە هەبووبێت.

مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو دادگایەکی ئەمەریکا بڕیاریدا لەسەر ئەوەی هاڕوون بەشێوەیەکی نایاسایی بەندکراوە، ئەوەش ڕێگەی خۆشکرد لەبەردەم گواستنەوەی لە گوانتانامۆوە، ئەوەش دوای ئەوەی بۆ ماوەی چەند ساڵێک بەبێ تۆمەت یاخود دادگاییکردن لەوێ مایەوە.

XS
SM
MD
LG