دوو بەرپرسی تاڵیبان و دوو دیبلۆماتکاری ئەفغانی بە دەنگی ئەمەریکایان وت دیبلۆماتکارانی تاڵیبان دەستیان بە کارەکانیان کردووە لە باڵیۆزخانەی ئەفغانستان لە پاکستان و کونسوڵخانەکانی ئەفغانستان لە شارەکانی دیکەی پاکستان.
بەرپرسانی پاکستان وتیان ڕێگەیانداوە دیبلۆماتکارانی تاڵیبان ڕەوانەی پاکستان بکرێن، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی هێشتا پاکستان بە فەڕمی دانی نەناوە بە حکومەتەکەی تاڵیباندا. هەروەها باڵیۆزی پاکستان لە کابوڵ مەنسوڕ خان پێدانی ڤیزای بە بەرپرسانی تاڵیبان بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاستکردەوە.
خان وتی " پێدانی ئەم ڤیزایانە بۆ ئاسانکردنی کارەکانی ڕاوێژدانە و ئاسانکارییە بۆ گەشتکردنی ئەو پاکستانیانەی کە بۆ کاری مرۆیی سەردانی ئەفغانستان دەکەن و هەروەها یارمەتیدانی ئەو هاوڵاتیە ئەفغانیانەیە کە لە پاکستان دەژین. پێدانی ئەم ڤیزانە دانپێدانان نیە بەڵکو کارئاسانیکردنە."
سەرۆک وەزیری پاکستان عیمران خان داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە گفتوگۆ لەگەڵ تاڵیباندا بکەن تاوەکو ڕێگە لە قەیرانی مرۆیی و ناسەقامگیری لە ئەفغانستان بگرن.
بەرپرسێکی تاڵیبان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات بەهۆی ئەوەی ڕێگەی پێنەدراوە قسە بۆ ڕاگەیاندنەکان بکات بە دەنگی ئەمەریکای وت سەردار محەمەد شوکەیب کە بە موسا فەرهاد ناسراوە، بووەتە سکرتێری یەکەمی باڵیۆزخانەی ئەفغانستان لە ئیسلامئاباد.
دیبلۆماتکارێکی ئەفغانی کە لە ماوەی حکومەتەکەی پێشووی ئەفغانستانیشدا لە پاکستان کاریکردووە وتی شوکەیب وەکو بەرپرسی کاروبارەکان دیاریکراوە چونکە لە ئێستادا باڵیۆزخانەی ئەفغانستان لە پاکستان باڵیۆزی نیە.
وتی " شوکەیب سەرپەرشتی سەرجەم کاری دیبلۆماتکارەکان دەکات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لە مانگی حەوتدا باڵیۆزی حکومەتەکەی پێشووی ئەفغانستان لە پاکستان کشایەوە."
لە مانگی حەوتدا حکومەتەکەی پێشووی ئەفغانستان باڵیۆزی وڵاتەکەی لە پاکستان کشاندەوە، ئەوەش وەکو ناڕەزایی دەربڕینێک بوو لەسەر ڕفاندن و ئەشکەنجەدانی سیلسیلای کچی باڵیۆزی پێشووی ئەفغانستان نەجیبوڵا ئەلیخیل. سیلسیلا لەمیانەی بازاڕکردنێکدا لە ئیسلامئاباد ڕفێندرا و لەلایەن کۆمەڵێک کەسەوە بۆ چەند کاتژمێرێک ئەشکەنجەدرا. پاکستان لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوەکە کرد بەڵام ڕەتی کردەوە ڕفێندرابێت.
تاڵیبان بە هەمان شێوە دیبلۆماتکارانی بۆ کونسوڵخانەکانی ئەفغانستان لە کاراچی و کوێتا و پێشاواری پاکستان دەستنیشانکردووە.
حافیز موهیبوڵا وەکو بەرپرسی کونسوڵخانەکەی پێشاوار و مولا غولام ڕەسوڵ لە کوێتا و مولا محەمەد عەباسیش وەکو بەرپرسی کونسوڵخانەی کاراچی دەستنیشانکراون.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا