لە بەیاننامەیەکی نێودەوڵەتیدا کە هەریەک لە بەڕیتانیا و ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی جیهان بڵاوییان کردۆتەوە هاتووە دەڵێت تاڵیبان ڕێگە بە هاوڵاتیانی بیانی و ئەو ئەفغانیانە دەدات کە لەلایەن وڵاتێکی دیکەوە مۆڵەتی گەشتکردنیان پێدراوە، ئەفغانستان جێبهێڵن.
لە بەیاننامەکەدا وتیان " دڵنیاییمان لە تاڵیبانەوە وەرگرتووە لەسەر ئەوەی سەرجەم هاوڵاتیانی بیانی و هەر هاوڵاتیەکی ئەفغانی کە مۆڵەتی گەشتکردنی لەلایەن وڵاتێکی دیکەوە هەیە دەتوانن بەشێوەیەکی ڕێکخراو و پارێزراو بەرەو خاڵەکانی چوونە دەرەوە بڕۆن و بۆ دەرەوەی وڵات گەشت بکەن."
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە هەریەک لە فەڕەنسا و ئوستراڵیا و ژاپۆن و ئیسپانیا و کۆمەڵێک وڵاتی دیکە مۆڵەتی گەشتکردن بۆ ئەفغانیەکان دەردەکەن.
ئەو وڵاتانەی لە بەیاننامەکەدا بەشدارن 100 وڵات دەبن و هەریەک لە فەڕەنسا و بەڕیتانیا و ئەمەریکاشیان تێدایە. بەیاننامەکە لەلایەن هاوپەیمانێتی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپاشەوە واژۆ کراوە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە " ئێمە هەموومان پابەندین بەوەوە کە سەرجەم هاوڵاتیانمان و دانیشتوان و کارمەندان و ئەو ئەفغانیانەی کە لەگەڵ ئێمەدا کارییان کردووە و لەمەترسیدان دەتوانن ئازادانە بەردەوام بن لە گەشتکردن بۆ شوێنەکانی دەرەوەی ئەفغانستان."
وتیشیان " پێشبینی پابەندبوونی تاڵیبان دەکەین لەوەدا کە خەڵکەکە بتوانن گەشت بۆ وڵاتەکانی ئێمە بکەن."
بەڵام چین و ڕوسیا بەیاننامەکەیان واژۆ نەکردووە.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سولیڤان وتی هەر ئەمەریکیەک کە ماوەتەوە " لە ئەفغانستان گیر ناخوات."
وتی " ئەمەریکا میکانیزمێکی هەیە بۆ هێنانە دەرەوەیان " ئەگەر بیانەوێت لە داهاتوودا ئەفغانستان جێبهێڵن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز، فرانس پرێس