Accessibility links

سەرۆک وەزیری نوێی سوید دوای دەستبەکاربوونی لە هەمان ڕۆژدا دەست لەکاردەکێشێتەوە

ماگدالینا ئاندەرسن
ماگدالینا ئاندەرسن

یەکەمین سەرۆک وەزیری ئافرەتی سوید ماگدالینا ئاندەرسنی حیزبی سۆشیال دیموکرات ڕۆژی چوارشەممە دەستی لەکارکێشایەوە، ئەوەش دوای کەمتر لە 12 کاتژمێر لە دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆک وەزیری نوێی ئەو وڵاتە. هۆکاری دەست لەکارکێشانەوەکەشی ئەوە بوو کە حیزبی سەوزی هاوپەیمانی حیزبی دیموکرات لە حکومەتە نوێیەکەدا، لە هاوپەیمانێتیەکە هاتە دەرەوە.

حکومەتەکە بە هاوپەیمانێتی نێوان حیزبی سۆشیال دیموکرات و حیزبی سەوز پێکهێندرا.

ئاندەرسن بە سەرۆکی پەرلەمانی سویدی وت هیوادارە وەکو سەرۆک وەزیری حکومەتێکی یەک حیزبی دەستنیشان بکرێتەوە.

هۆکاری کشانەوەی حیزبی سەوز لە هاوپەیمانێتیەکەدا ئەوە بوو کە پەرلەمانی وڵاتەکە یاسای بودجەی هاوپەیمانێتیەکەی ڕەت کردەوە.

ئاندەرسن وتی " داوام لە سەرۆکی پەرلەمان کردووە دەست لەکارکێشانەوە وەکو سەرۆک وەزیر پەسەند بکات. ئامادەم ببمە سەرۆک وەزیری حکومەتێکی یەک حیزبی، حکومەتێکی سۆشیال دیموکرات."

لەلای خۆیەوە حیزبی سەوز وتی پشتیوانی لە ئاندەرسن دەکەن لە دەنگدانە نوێیەکەی پەرلەماندا سەبارەت بە دووبارە دەستنیشانکردنەوەی وەکو سەرۆک وەزیری وڵاتەکە، بەڵام حیزبی ناوەند بەڵێنیدا خۆی بەدووربگرێت لە دەنگدانەکە، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا پشتیوانیە لە ئاندەرسن. حیزبی چەپیش وتی پشتیوانی لێدەکات.

لەکاتێکدا ئەو حیزبانە نەیانتوانی بودجەکە پەسەند بکەن، بەڵام یەکگرتوون لەوەی ڕێگە بە دیموکراتەکانی سوید نەدەن ڕۆڵیان هەبێت لە حکومەتدا، دیموکراتەکانی سوید دژی کۆچن و پۆپلیستن.

ڕابەری حیزبی ناوەندی سوید ئان لووف لە تویتەر نوسیویەتی " حیزبی ناوەند دەرگاکە دەکاتەوە بۆ ئەو ( ئاندەرسن ) تاوەکو ببێتە سەرۆک وەزیر."

وتیشی " دووبارە دڵنیا دەبینەوە لەوەی سوید حکومەتێکی هەبێت کە پشت بە دیموکراتەکانی سوید نەبەستێت."

حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن، مۆدێرەیتی دیموکرات و مەسیحی دیموکرات لەلایەن دیموکراتەکانی سویدەوە پشتیوانیان لێدەکرێت، بەڵام زۆرینە نین لە پەرلەماندا.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

This item is part of
XS
SM
MD
LG