Accessibility links

ڕووسیا شەڕەکە دەباتە نزیک سنوورەکانی ناتۆوە


ڕۆژی یەکشەممە ڕووسیا کۆمەڵێک موشەکی ئاڕاستەی بنکەیەکی سەربازیی گەورەی ئۆکرانیا کرد لەنزیک سنووری نێوان وڵاتەکە و پۆڵەندای ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ، بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن بەهۆی هێرشەکەوە 35 کەس کوژران و 135 کەسی دیکە برینداربوون. بەمەش ڕووسیا شەڕەکەی بردە نزیک سنوورەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆوە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی هێرشە ئاسمانییەکە بڕێکی زۆری لەو چەکانە لەناوبردووە کە وڵاتانی بیانی داویانە بە ئۆکرانیا و لەو بنکە سەربازییەدا هەڵگیرابوون، وتیشی بەهۆی هێرشەکەوە " زیاتر لە 180 بەکرێگیراوی بیانی کوژراون."

ڕۆیتەرزی نەیتوانیوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ ژمارەی قوربانیان لە هەردوولاوە پشتڕاست بکاتەوە.

هێرشەکەی سەر بنکە سەربازییەکە کە تەنها 25 کم لە سنووری پۆڵەنداوە دوورە و پێشتر ڕاهێنەرانی سەربازی هاوپەیمانێتی ناتۆی لێبووە، جەنگەکەی بردە بەردەم دەرگای هاوپەیمانێتی ناتۆوە.

ڕۆژی شەممە جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا هۆشداریدا لەسەر ئەوەی کاروانی ئەو چەکانەی کە ڕۆژئاوا دەینێرن بۆ ئۆکرانیا پێدەچێت ببنە " ئامانجێکی یاسایی."

بەڕیتانیا وتی ئەو هێرشە " زیادکردنی گرژییە سەربازییەکانە بەشێوەیەکی بەرچاو." ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤانیش وتی " هەر هێرشێک بۆ سەر ناوچەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕووبەڕووی وەڵامێکی تەواوی هاوپەیمانێتییەکە دەبێتەوە."

ئۆکرانیا کە ئارەزووی ئەوە دەکات ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ، کە ئەوەش سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتنی بێزارکردووە، زۆرینەی مەشقە سەربازییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوادا لەو بنکە سەربازییەدا ئەنجامداوە. دوایین مەشقی سەربازیی گەورە کە لەو بنکەیەدا ئەنجام درابێت لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردوودا بوو.

پێش دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە 24 ی مانگی دوودا، هێزەکانی ئۆکرانیا لەو بنکەیەدا مەشقییان ئەنجامداوە، بەڵام بەپێی ڕاگەیاندنەکانی ئۆکرانیا، سەرجەم ڕاهێنەرە بیانییەکان لە ناوەڕاستی مانگی دوودا بنکەکەیان جێهێشتووە و کەلوپەلە سەربازییەکانیان لە بنکەکەدا جێهێشتووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG