Accessibility links

پوتن بە یەکێتی ئەوروپا دەڵێت دەستبکات بە گفتوگۆکردن لەگەڵ بێلاڕوسدا


سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن بە یەکێتی ئەوروپای وت ئەگەر بیانەوێت کێشەی کۆچبەرانی سەر سنووری نێوان بێلاڕوس و پۆڵەندا چارەسەر بکەن ئەوا پێویستە دەستبکەن بە گفتوگۆکردن لەگڵ بێلاڕوسدا.

نیگەرانییەکان سەبارەت بە کۆچبەرانی سەر سنووری نێوان بێلاڕوس و پۆڵەندا کە زۆرینەیان کوردن زیاد بوون، کۆچبەران لە سەرمایەکی ئێجگار زۆردا خێمەیان هەڵداوە و دەیانەوێت بێلاڕوس جێبهێڵن و بچنە ئەودیوی سنووری پۆڵەنداوە.

پۆڵەندا ڕێگە نادات کۆچبەرەکان بپەڕنەوە، بێلاڕوسیشی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ڕەوانەکردنی کۆچبەران بۆ سەر سنوورەکە وەکو تۆڵەیەک لە سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر ئەو وڵاتە.

تاوەکو ئێستا یەکێتی ئەوروپا ڕەتی کردۆتەوە ڕاستەوخۆ گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکی بێلاڕوس ئالیکساندەر لوکاشینکۆدا بکات، ڕۆژی پێنجشەممە لوکاشینکۆ هۆشداریدا و وتی هەر سزایەکی نوێ بەسەر وڵاتەکەیدا وەڵامی دەبێت، لەوانەش ئەگەری بڕینی گواستنەوەی گازی سروشتی بۆ ئەوروپا.

کرێملن لە بەیاننامەیەکدا وتی لە دووەمین پەیوەندی تەلەفونیدا لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ، پوتن لە بەرژەوەندی دووبارە گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی ئەوروپا و بێلاڕوس قسەیکردووە، ئەوەش لەپێناو چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەدا.

ڕۆژی چوارشەممە مێرکڵ داوای لە پوتن کرد " دەسەڵاتەکانی " بەسەر لوکاشینکۆدا بەکاربهێنێت تاوەکو کۆتایی بەم قەیرانە بهێنێت.

دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو لوکاشینکۆ هەڵمەتێکی سەرکوتکاری دژی خۆپیشاندەرانی دیموکراتخواز و چالاکەوانەکانی بێلاڕوس دەستپێکرد، یەکێتی ئەوروپا پەیوەندییەکانی لەگەڵ لوکاشینکۆدا بڕی.

واپێشبینی دەکرێت هەفتەی داهاتوو یەکێتی ئەوروپا بڕیار بدات لەسەر سەپاندنی سزای نوێ بەسەر بێلاڕوسدا، ئەوەش بەهۆی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و قەیرانەکانی کۆچبەرانەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە لوکاشینکۆ وتی ئەگەر هاتوو یەکێتی ئەوروپا سزا بەسەر وڵاتەکەدا بسەپێنێت ئەوا بێلاڕوس " دەبێت وەڵام بداتەوە،" ئاماژەی بە ڕاگرتنی گواستنەوەی ئەو گازە سروشتیەی ڕوسیادا کە لەڕێی بۆرییەکانەوە بە بێلاڕوسدا دەڕوات بۆ پۆڵەندا و دواتریش بۆ ئەوروپا.

وتی " ئێمە ئەوروپا گەرم دەکەینەوە و ئەوان هەڕەشەمان لێدەکەن، چی دەبێت ئەگەر گواستنەوەی گازی سروشتی ڕابگرین؟"

ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی بێلاڕوس سڤیتلانا تیخانۆڤسکایا وتی لوکاشینکۆ جددی نەبووە سەبارەت بە ڕاگرتنی گواستنەوەی گاز و یەکێتی ئەوروپا دەبێت لەسەر هەڵوێستی خۆی سووربێت.

تیخانۆڤسکایا کە دوای ئەوەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بێلاڕوسدا ڕاگەیاند و دواتر هەڵهات بۆ دەرەوەی وڵاتەکە، لە بەرلین بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " ئەوە زیانی زیاتر دەگەیەنێت بە ئەو، بە بێلاڕوس، وەک لە یەکێتی ئەوروپا و پێم وایە جددی نیە."

وتی " سوپاسگوزاری هەڵوێستی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاین کە بەنیاز نین لەگەڵ کەسێکی نایاساییدا گفتوگۆ بکەن."

جێی ئاماژەیە پۆڵەندا 15,000 سەربازی ڕەوانەی سنوورەکە کردووە، تەلێکی کارەبایی بە درێژایی سنوورەکە جێگیر کردووە و دروستکردنی دیوارێکی بە درێژایی سنوورەکەی لەگەڵ بێلاڕوسدا پەسەند کردووە.

لە بەیاننامەیەکدا کە لەمیانەی ساڵیادی سەربەخۆیی پۆڵەندادا بڵاویکردەوە، سەرۆک وەزیری پۆڵەندا ماتەیوش مۆرۆڤیێستکی وتی وڵاتەکەی ڕووبەڕووی " جۆرە جەنگێکی نوێ بۆتەوە کە تەقەمەنیەکەی هاوڵاتیانی مەدەنین."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG