Accessibility links

ڕووسیا بۆردومانی کیێڤ و شارەکانی دیکەی ئۆکرانیا دەکات


ڕۆژی دووشەممە دەنگی تەقینەوە لە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا بیستراوە و بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن هێرشی موشەکی کراوەتە سەر شارەکانی سەرانسەری ئۆکرانیا و ژێرخانەکانی وزە کراونەتە ئامانج. ئەمەش دوای ئەوەی ڕووسیا ڕێکەوتنی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیای لە دەریای ڕەشەوە هەڵوەشاندەوە.

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبا گوتی " کۆمەڵە هێرشێکی دیکەی موشەکی ڕووسیا ژێرخانە هەستیارەکانی ئۆکرانیایان کردە ئامانج. لە جیاتی ئەوەی لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا شەڕ بکات، ڕووسیا شەڕ لەگەڵ هاوڵاتیانی مەدەنیدا دەکات."

گوتیشی " بیانوو مەهێننەوە بۆ ئەم هێرشانە و بڵێن ' وەڵامی ' ڕووسیایە. ڕووسیا ئەمە دەکات چونکە هێشتا موشەکی هەیە و خواستی کوشتنی ئۆکرانییەکانی هەیە."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا ئۆلیگ نیکۆلینکۆ گوتی موشەکەکان ژێرخانەکانی وزەیان لە کیێڤ و شارەکانی دیکەی ئۆکرانیا کردۆتە ئامانج، بەهۆی هێرشەکانیشەوە کارەبا و ئاو بڕاون.

نیکۆلینکۆ گوتی " ڕووسیا گرنگی بە گفتوگۆکانی ئاشتی نادات، گرنگی بە ئاسایشی خۆراکی جیهانیش نادات. تەنها ئامانجی پوتن کوشتاری و کاولکارییە."

تاوەکو ئێستا ڕووسیا هیچ لێدوانێکی لەسەر هێرشەکان نەداوە، بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا کیێڤی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی ڕووسیا لە بەندەری نیمچە دوورگەی کرایمیا لە ڕێی 16 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە. لە ماوەی ڕابردووشدا لەم مانگەدا ڕووسیا گەورەترین هێرشی ئاسمانی کردە سەر کیێڤ و شارەکانی دیکەی ئۆکرانیا، لەو کاتەدا وتی هێرشە ئاسمانیەکانی وەکو وەڵامێک بوون بۆ هێرشەکەی سەر پردەکەی کرایمیا.

ئۆکرانیا بەرپرسیارێتی هێرشەکەی سەر کەشتیگەلی ڕووسیای لە نیمچە دوورگەی کرایمیا پشتڕاست نەکردۆتەوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ڕەتی نەکردۆتەوە، بە هەمان شێوەی هێرشەکەی سەر پردەکەی کرایمیا کە نە ڕەتی کردەوە و نە پشتڕاستیشی کردەوە.

گفەرمانڕەوای هەرێمی کریمینچوک لە ناوەڕاستی ئۆکرانیا وتی وێستگەیەکی گەورەی کارەبای ئاوی کراوەتە ئامانج، بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا کوێی وێستگەکە زیانی بەرکەوتووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆ کە پشتڕاست نەکراونەتەوە، وێستگەکانی کارەبای ئاویی لە کیێڤ و هەرێمەکانی ئۆدێسا و زاپۆریژا و هەرێمی چێرکاسی ناوەڕاستی ئۆکرانیاش کراونەتە ئامانج.

پێش داگیرکارییەکەی ڕووسیا، ئەو جۆرە وێستگانە لە سەدا 5 ی کارەبای ئۆکرانیایان بەرهەمهێناوە.

تاوەکو ئێستا هیچ هەواڵێک نیە سەبارەت بە کەوتنەوەی زیانی گیانی، بەڵام تەقینەوەکان شارەکانی ئۆکرانیایان بە کیێڤیشەوە هەژاندووە. لە کیێڤی پایتەخت بەرپرسانی ناوخۆی شارەکە دەڵێن 350,000 یەکەی نیشتەجێبوون کارەبا و ئاوییان نەماوە، سیستمی تەلەفونەکانیش لە هەندێک ناوچەدا لە کارکەوتوون.

سەرۆکی شارەوانی شاری خارکیڤ گوتی موشەکەکان " ژێرخانێکی گرنگییان " کردۆتە ئامانج.

بەرپرسی باڵای ئۆفیسی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا کیریلۆ تیمۆشینکۆ گوتی " ڕووسییە تیرۆریستەکان جارێکی دیکە هێرشێکی گەورەیان کردە سەر دامەزراوەکانی سیستمی کارەبا لە کۆمەڵێک هەرێمی ئۆکرانیادا."

گوتیشی " هەندێک لە موشەکەکان لە ڕێی سیستمی بەرگری دژە فڕۆکەوە خراونەتە خوارەوە، هەندێکیان دیکەیان ئامانجەکانیان پێکاوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG