Accessibility links

ڕوسیا و ئێران گەشبینن سەبارەت بە گفتوگۆ ناوەکییەکان و ئەمەریکاش هۆشداری دەدات


ئەمەریکا هۆشداریدا سەبارەت بە گەشبینی لێدوانەکانی ڕوسیا و ئێران سەبارەت بە گفتوگۆکانی ڤییەنا لەسەر دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان، وتی هێشتا زووە بڵێیت تاران بە شێوەیەکی بونیادنەرانە گەڕاوەتەوە سەر گفتوگۆکان.

ڕۆژی سێشەممە ئێران و ڕوسیا گەشبینی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە گفتوگۆکان کە لەم هەفتەیەدا دووبارە دەستیان پێکردووە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەڵێن گفتوگۆکان زۆر بە خاوی بەڕێوەدەچن.

وەزیری دەرەوەی ئێران حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان وتی ئەگەر سەرجەم لایەنەکان " نیازێکی باش دەربخەن " ئەوا ئەگەری هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕێکەوتنێک واژۆ بکرێت، هاوکات نوێنەری ڕوسیا میخایل ئولیانۆڤ وتی هەشتەمین خولی گفتوگۆکان" بەرەوپێشچوونێکی بێ مشتومڕ " ی بەخۆیەوە بینیوە.

لەلای خۆیەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس بە ڕۆژنامەنووسانی وت هەندێک بەرەوپێشچوون هەبووە لە دوایین خولی گفتوگۆکاندا بەڵام هێشتا زۆر زووە بزانیت ئێران لەم خولەدا بەشێوازێکی بونیادنەرانە گەڕاوەتەوە سەر گفتوگۆکان یاخود نا.

پڕایس وتی " بەڕاستی هێشتا زۆر زووە بزانیت کە ئاخۆ ئێران بەشێوەیەکی بونیادنەرانە گەڕاوەتەوە ئەم خولە یاخود نا. ئێستا ئێمە لە هەڵسەنگاندنداین، لەسەر ئەوەی کە ئاخۆ ئێرانیەکان بە کێشەی نوێوە گەڕاونەتەوە یاخود چارەسەرییان پێیە بۆ ئەو کێشانەی کە پێشتر خراونەتەڕوو."

لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا. لەلای خۆشیەوە ئێران کۆمەڵێک لە بەرپرسیارێتیە سەرەکییەکانی لە ڕێکەوتنەکەدا پشتگوێ خستووە. بەپێی ڕێکەوتنەکە، سزاکانی سەر ئێران کەمدەکرێنەوە و لەبەرامبەریشدا ئێران چالاکییەکانی بەرنامە ناوەکییەکەی سنووردار دەکات.

لە دوایین خولی گفتوگۆکاندا کە ڕۆژی دووشەممە لە ڤییەنا دەستیپێکردەوە، تاران جەختی لەوە کردەوە ئەمەریکا سزاکانی سەر وڵاتەکە لاببات.

وەزیری دەرەوەی ئێران بە ڕۆژنامەنووسانی وت " گفتوگۆکانی ڤییەنا بە ئاڕاستەیەکی باشدا دەڕۆن، باوەڕمان وایە ئەگەر لایەنەکانی دیکە بەردەوام بن لە دەرخستنی نیازێکی باش وەکو ئەوەی لەم خولەدا بیندراوە، گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی باش بۆ سەرجەم لایەنەکان ڕێی تێدەچێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG