Accessibility links

ڕابەری موسوڵمانەکانی ڕۆهینجیا لە کامپێکی پەنابەران لە بەنگلادیش کوژرا


ڕابەری موسوڵمانەکانی ڕۆهینجیا موحیبوڵا
ڕابەری موسوڵمانەکانی ڕۆهینجیا موحیبوڵا

وتەبێژێکی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرسانی پۆلیسی ناوخۆ وتیان چەکدارێک ڕابەری موسوڵمانەکانی ڕۆهینجیای لە کامپێکی پەنابەران لە باشووری بەنگلادیش کوشتووە، ئەمەش دوابەدوای چەند مانگێک لە توندوتیژییەکان لە گەورەترین کامپی پەنابەران لە جیهاندا.

ڕابەری موسوڵمانەکانی ڕۆهینجیا، موحیبوڵا، کە تەمەنی لە چلەکاندا بوو، ڕابەرایەتی یەکێک لە گەورەترین گروپە جیاوازەکانی دەکرد، ئەمەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2017 دا و بەهۆی هەڵمەتە سەربازییەکەی میانمارەوە دژی موسوڵمانەکانی وڵاتەکە،زیاتر لە 730,000 هاوڵاتی موسوڵمانی ڕۆهینجیا لە میانمار هەڵهاتن.

موحیبوڵا بانگهێشت کرابوو بۆ کۆشکی سپی و هەروەها داوای لێکرابوو لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکاندا قسە بکات، یەکێک بووە لە پارێزەرە هەرە دیارەکانی ڕۆهینجیا. ڕۆهینجیا کەمینەیەکی موسوڵمانن و ماوەیەکی دورودرێژە ڕووبەڕووی سەرکوتکردن دەبنەوە.

ئەفسەرێکی پۆلیسی شارۆچکەی کۆکسی بازاڕ ڕەفیقول ئیسلام بە ڕۆیتەرزی وت موحیبوڵا تەقەی لێکراوە و کوژراوە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا.

وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەران لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی دەزگاکە " زۆر خەمبارە " بە کوژرانی موحیبوڵا، وتی " بەردەوامین لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەرپرسانی پۆلیسدا کە بەرپرسن لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی کامپەکان."

جێی ئاماژەیە گروپەکەی موحیبوڵا، ئاراکان ڕۆهینجیا بۆ ئاشتی و مافەکانی مرۆڤ، بەوە ناسرا کە سەرجەم ئازارەکانی ڕۆهینجیاکانی لەمیانەی هەڵمەتە سەربازییەکەی میانماردا وەکو بەڵگەنامەیەک نوسییەوە، نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت ئەو هەڵمەتە سەربازییەی میانمار نیاز لێی کۆمەڵکوژی بووە.

گروپەکەی موحیبوڵا کاری دەکرد تاوەکو پەنابەرانی ڕۆهینجیا لە کامپەکان و جیهاندا دەنگیان هەبێت، لە میانەی وتارەکەیدا لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی ڕۆهینجیا دەیانەوێت قسەی خۆیان هەبێت لەسەر داهاتوویان.

بەڵام دەرکەوتنی موحیبوڵا بووە هۆی ئەوەی بە ئامانج بکرێت و هەڕەشەی کوژرانی لێدەکرا. لە ساڵی 2019 دا بە ڕۆیتەرزی وت " ئەگەر بمرم، باش دەبم. ژیانی خۆم دەبەخشم."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG