Accessibility links

پوتن دووبارە داوا لە ڕۆژئاوا دەکات داواکارییەکانی جێبەجێ بکەن


سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن

سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن داوایکرد وڵاتانی ڕۆژئاوا " بەزووترین کات " داواکارییە ئاساییشیەکانی ڕوسیا جێبەجێ بکەن، ئەمەش لەنێوەندی خراپبوونی گرژییەکاندا بەهۆی زیادبوونی هێزەکانی ڕوسیا لەسەر سنووری ئۆکرانیا.

لەمیانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ساڵانەدا کە لە 23 ی مانگی دوانزەدا بەڕێوەچوو، سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن ئاماژەی بە کۆمەڵێک داواکاری وڵاتەکەیدا، کە بەرپرسانی ڕوسی لەماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا ئاشکرایان کرد و لە یەکێک لە داواکاندا ئاماژە بەوە دەدات دەبێت هاوپەیمانێتی ناتۆ چالاکییە سەربازییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و ئۆکرانیا ڕابگرێت.

لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێکی دەزگای هەواڵی سکای نیوزدا پوتن وتی " ئێوە دەبێت گرەنتیەکانمان بدەنێ. ئێوە! هەر ئێستا و بەبێ هیچ دواکەوتنێک!"

پوتن دووبارە جەختی لە لێدوانەکانی پێشووی کرێملن کردەوە سەبارەت بەوەی ئەمەریکا سیستمی موشەکی لەسەر سنووری ڕوسیا جێگیرکردووە.

پوتن وادەردەکەوت ئاماژە بە سیستمەکانی دژە موشەکی ئەیجیس ئاشۆر بدات کە لەم ساڵانەی دواییدا ئەمەریکا ڕەوانەی پۆڵەندا و ڕۆمانیای کرد، ئەو دوو وڵاتەش ئەندامن لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.

واشنتن جەختی لەوە کردۆتەوە سیستمەکان پێویستن بۆ بەرگریکردن لە ئەوروپا دژی هەڕەشە موشەکییەکانی ئێران و هیچ کاریگەرییەکیان نیە بەرامبەر چەکەکانی ڕوسیا.

پوتن لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا وتی " ئێمەین موشەکمان لە تەنیشت ئەمەریکاوە داناوە؟ نەخێر، ئەوە ئەمەریکایە بە موشەکەکانیەوە هاتووە بۆ ماڵەکەمان و لەسەر لێواری ماڵەکەمانن. ئەمە داواکارییەکی نائاساییە ئەگەر داوا بکەین سیستمی هێرشی دیکە لە تەنیشت ماڵەکەماندا جێگیر مەکە؟ نائاساییەکەی لە چیدایە؟"

لە وەڵامێکیدا بۆ پرسیارێکی پێشووتر، پوتن باسی لە ئاماژەیەکی ئەرێنی کرد سەبارەت بە گفتوگۆکانی داهاتووی نێوان ڕوسیا و ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوای هاوپەیمانی ئەمەریکا.

وابڕیارە لە دەستپێکی ساڵی داهاتوودا دیبلۆماتکارانی ئەمەریکا و ڕوسیا لە جنێڤ کۆببنەوە.

پوتن وتی " تاوەکو ئێستا کاردانەوەی ئەرێنیمان بینیوە، هاوبەشە ئەمەریکیەکانمان پێیان وتین کە ئامادەن بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان، ئەم گفتوگۆیانە لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا ئەنجام دەدرێن."

وتی " هیوادارم بەم جۆرە بێت."

داواکارییەکانی ڕوسیا لە ڕۆژئاوا کە لە 17 ی مانگی دوانزەدا بڵاوکرانەوە، تیایدا داوا دەکات ناتۆ هەوڵی فراوانبوون بە ڕۆژهەڵاتدا نەدات و چالاکییە سەربازییەکانی لە ئۆکرانیا و کۆمەڵێک وڵاتی دیکە کە نزیکن لە ڕوسیاوە ڕابگرێت.

لەم هەفتانەی دواییدا ئەمەریکا و هاوپەیمانێتی ناتۆ و ئۆکرانیا نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بەو 100,000 سەربازە ڕوسییەی کە ڕەوانەی نزیک سنووری ئۆکرانیا و نیمچە دورگەی کرێمیای داگیرکراوی ئۆکرانیا کراون.

بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن ڕوسیا پلانی هەیە بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا، ئەگەر ئەوە بێت ئەوا لە چەند هەفتەیەکدا ڕوودەدات.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG