پۆلیسی ئیسڕائیل دەڵێت چەکدارێکی فەڵەستینی تەقەی لە خاڵێکی پشکنینی ئیسڕائیل کردووە لە کەناری ڕۆژئاوا و پاسەوانێکی ئاسایشی بریندار کردووە، بەڵام دواتر هێزەکانی ئیسڕائیل کوشتوویانە.
لیوای شەهیدانی ئەل ئەقسا کە گروپێکی چەکدارییە و پەیوەستە بە پارتەکەی سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان مەحمود عەباسەوە، بانگەشەی ئەوەی کرد چەکدارەکە ئەندامێکی گروپەکەیانە. دەزگای هەواڵی فەڕمی وەفای فەڵەستین وتی چەکدارەکە ناوی کەفر عەقەب بووە و تەمەنی 18 ساڵ بووە.
پۆلیس وێنەی چەکێکی ئێم – 16 ی بڵاوکردەوە کە گوایە ئەو چەکە لەلایەن چەکدارەکەوە بەکارهێندراوە.
لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا توندوتیژییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا زیادییان کرد، شەڕ و پێکدادان لە شاری جنین ڕوویدا و فەڵەستینییەکان لە نزیک نیشتەجێیەکی ئیسڕائیل هێرشییان کرد و نیشتەجێیەکانیش هێرشییان کردە سەرگوندەکانی فەڵەستینییەکان و سوپای ئیسڕائیل هێرشێکی ئاسمانی دەگمەنی دژی چەکدارە فەڵەستینییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا ئەنجامدا.
کۆشکی سپی وتی ڕۆژی هەینی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ هاوتا ئیسڕائیلییەکەی داوای هەنگاوی زیاتری کردووە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکان.
دانوستانەکانی ئاشتی نێوان فەڵەستینییەکان و ئیسڕائیل کە ئەمەریکا سەرپەرشتی دەکرد و ئامانج لێی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستینییەکان بوو لە کەناری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم و غەزە، لە ساڵی 2014 دا لە ناوچوو و تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک نین لەسەر دووبارە زیندووکردنەوەی دانوستانەکان.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز