Accessibility links

فەڵەستینیەکان سەرکۆنەی پلانەکەی سەرۆک ترامپ دەکەن بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست


سەرۆک وەزیری فەڵەستین محەمەد شەتییە
سەرۆک وەزیری فەڵەستین محەمەد شەتییە

واپێشبینی دەکرێت ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وردەکاری پلانی ئەمەریکا بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕابەرانی ئیسڕائیل ڕابگەیەنێت، ئەمەش لەکاتێکدا کاربەدەستانی فەڵەستینی سەرکۆنەی پلانەکە دەکەن و دەڵێن " ئەو پلانە بۆ لەناوبردنی پرسی فەڵەستینیەکانە."

سەرۆک ترامپ لە واشنتن بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پلانەکەی بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە جیا لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو و ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ئیسڕائیل بێنی گانتزدا کۆدەبێتەوە.

فەڵەستینیەکان لەوە دەترسن پلانەکە هەموو هیواکانیان بۆ دەوڵەتێکی فەڵەستینی سەربەخۆ لە بەشی ڕۆژئاوا و ئۆرشەلیمی ڕۆژهەڵات و کەرتی غەززە لەناوببات. ڕابەرانی فەڵەستین دەڵێن بانگهێشت نەکراون بۆ واشنتن و هیچ پلانێکی ئاشتی بەبێ ئەوان ناکرێت سەربکەوێت.

پێش کۆبوونەوەکانی نێوان ئەمەریکا و ئیسڕائیل، سەرۆک وەزیری فەڵەستین محەمەد شەتییە وتی سەرۆک ترامپ و ناتانیاهو پلانەکە بەکاردەهێنن تاوەکو چاوەکان لەسەر کێشە ناوخۆییەکانی خۆیان لاببەن.

شەتییە ڕۆژی دووشەممە لە کۆبوونەوەیەکی وەزیرانی فەڵەستیندا لە ڕام اللە وتی " ئەم پلانە بۆ پاراستنی ترامپە لەوەی لەسەر کارەکەی لانەبرێت و پاراستنی ناتانیاهۆیەوە لەوەی زیندانی نەکرێت، پلانی ئاشتی نیە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو پلانێکە بۆ پاراستنی خاوەنەکانی."

وتیشی " ئەم پلانە تەنها بۆ ئەوەیە پرسی فەڵەستینیەکان لەناوببات و ئێمە ڕەتی دەکەینەوە و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بەشێک نەبێت لەم پلانە چونکە پێچەوانەی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی گەلی فەڵەستینە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG