Accessibility links

فەڵەستینیەکان پیرۆزبایی لە جۆو بایدن دەکەن


سەرۆکی فەڵەستین مەحمود عەباس
سەرۆکی فەڵەستین مەحمود عەباس

سەرۆکی فەڵەستین مەحمود عەباس پیرۆزبایی لە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا جۆو بایدن کرد و لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەدا سەرکردایەتی فەڵەستین پەیوەندییە سیاسییەکانی لەگەڵ کۆشکی سپیدا دەست پێدەکاتەوە کە سێ ساڵ لەمەوبەر ئەو پەیوەندییانەی بڕی.

دوای ئەوەی لە مانگی دوانزەی ساڵی 2017 دا بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ئۆرشەلیمی وەکو پایتەختی ئیسڕائیل ناساند و باڵیۆزخانەی ئەمەریکای بۆ ئۆرشەلیم گواستەوە، سەرۆکی فەڵەستین مەحمود عەباس بڕیاریدا هەموو مامەڵە سیاسییەکانی فەڵەستین لەگەڵ ئەمەریکادا ڕابگرێت.

عەباس لە بەیاننامەیەکدا وتی " پیرۆزبایی لە سەرۆکی هەڵبژێردراو جۆو بایدن دەکەم بەبۆنەی سەرکەوتنیەوە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکادا و پیرۆزبایی لە جێگرەکەشی کاملا هاریس دەکەم."

وتیشی " بە پەرۆشەوەم کار لەگەڵ سەرۆکی هەڵبژێردراو بایدن و بەڕێوبەرایەتیەکەیدا بکەم لەپێناو پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان فەڵەستین و ئەمەریکا و دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی و ئازادی و دادپەروەری و شکۆ بۆ گەلەکەمان. هەروەها کارکردن لە پێناو ئاشتی و سەقامگیری و ئاسایشی هەمووان لە ناوچەکەمان و جیهاندا."

بەرپرسێکی فەڵەستینی بە ڕۆیتەرزی وت بەرپرسانی نزیکی عەباس چەند ڕۆژێک پێش هەڵبژاردنەکان کۆبوونەتەوە بەبەمەستی تاوتوێکردنی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان لەگەڵ کۆشکی سپیدا، ئەمەش لەکاتێکدا ئەگەر بایدن لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێت.

ئەندامی لیژنەی جێبەجێکاری ڕێکخراوی تەحریری فەڵەستین بەسام ساڵحی وتی بڕینی پەیوەندییەکان بەهۆی " سیاسەتە دوژمنکارییەکەی بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆک ترامپەوە بوو."

وتیشی " کاتێک بایدن ڕایدەگەیەنێت کە ئەوە گۆڕاوە، ئەوا هیچ هۆکارێک نامێنێت بۆ بڕینی پەیوەندییەکان."

بایدن دەڵێت پشتیوانیەکان بۆ بەشی ڕۆژئاوا و کەرتی غەزە دەست پێدەکاتەوە کە سەرۆک ترامپ ڕایگرتووە، ئەو یارمەتیانەش کە لەلایەن دەزگا ئەمەریکیەکانەوە بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی و دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەدران بەو ناوچانە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG