Accessibility links

لە تەقینەوەی بۆمبێکدا لە پاکستان 5 کەس لە هێزەکانی ئاسایش کوژران


سوپای پاکستان وتی لە تەقینەوەی بۆمبێکدا لە باکووری ڕۆژئاوای پاکستان لەسەر سنووری ئەفغانستان پێنج کەس لە هێزەکانی ئاسایشی وڵاتەکە کوژراون.

ڕاگەیاندنی باڵی سەربازی پاکستان وتی سێ سەربازەکە و دوو ئەفسەرەکەی پۆلیس " ئەرکێکی گەڕان و تەوقدانیان " لە ناوچەی باجاور ئەنجامداوە و لەمیانەی ئەرکەکەیاندا بۆمبێکی دەستکردی چێندراو پیایاندا تەقیوەتەوە.

تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕانەگەیاندووە، بەڵام گومانەکان هەمووی لەسەر گروپی چەکداریی تەهریک ئی تاڵیبان پاکستانن، کە وەکو تاڵیبانی پاکستان ناسراون.

بۆ ماوەیەکی زۆر باجاور و ناوچەکانی دەوروبەری سنوورەکانی پاکستان پەناگەی گروپە چەکدارییەکە بوون، تەهریک ئی تاڵیبان پاکستان لەلایەن ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی جیهانی ناسراون، بەرپرسیارێتی کوشتنی هەزاران پاکستانیان گرتۆتە ئەستۆ.

لە ساڵی 2007 دا گروپەکە سەریهەڵداوە و لەڕێی بۆمب و شێوازەکانی دیکەوە هێرشەکانیان بەردەوام بوون.

سوپای پاکستان بەردەوام ئەرکی سەربازی دژی تەهریک ئی تاڵیبان پاکستان ئەنجامداوە و هەزاران چەکداری گروپەکەی کوشتووە و ناچاریکردوون هەڵبێن بۆ سنووری ئەودیوی ئەفغانستان. ئەرکە سەربازییەکانی پاکستان دژی گروپەکە بووە هۆی کەمبوونەوەی لە سەدا 80 ی هێرشە تیرۆریستیەکان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا.

بەڵام بەرپرسانی پاکستان دەڵێن لە سەرەتای ئەم ساڵەوە هێرشەکانی تەهریک ئی تاڵیبان پاکستان دەرکەوتوونەتەوە، لە هێرشەکانیاندا ژمارەیەک خەڵکیان کوشتووە، بەتایبەتی ئەندامانی هێزەکانی ئاسایش.

گروپەکە بەوە ناسراوە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ تاڵیبانی ئەفغانستاندا هەیە و یارمەتی تاڵیبانی ئەفغانستانیان داوە لە بیست ساڵی شەڕیاندا دژی هێزەکانی هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە ئەفغانستان.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG