ڕۆژنامەی دێر شبیگڵی ئەڵمانی وتی جەنەڕاڵی باڵای هاوپەیمانێتی ناتۆ پێشنیاری ئەوەی کردووە هاوپەیمانێتیەکە دەبێت بوونی سەربازیی لە بولگاریا و ڕۆمانیا هەبێت، ئەوەش دوای زیادبوونی هێزەکانی ڕوسیا لەسەر سنووری ئۆکرانیا.
ڕۆژنامەکە دەڵێت پێشنیارەکە لەلایەن فەرماندەی باڵای هاوپەیمانێتی ناتۆ لە ئەوروپا جەنەڕاڵ تۆد وۆڵتەرزەوە کراوە، پێشنیارەکە ئەگەر جێبەجێ بکرێت ئەوا بوونی هاوپەیمانێتیەکە فراوانتر دەکات، ئەوەش بەپێی هەمان ئەو یاسایەی کە ڕێگەیداوە هێزەکانی هاوپەیمانێتیەکە لە وڵاتانی بەڵتیک و ڕۆژهەڵاتی پۆڵەندا جێگیر بن.
ڕۆژنامەکە ڕاستەوخۆ لە زاری وۆڵتەرزەوە لێدوانەکانی بڵاونەکردەوە، بەڵام ئاماژەی بەوەدا " زانیاریی " هەیە لەسەر ئەوەی وۆڵتەرز لەمیانەی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەدا لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتیەکەدا " داوای هێزی پشتیوانی ناتۆی کردووە بۆ سنووری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا."
وتی پلانەکە ئەگەر جێبەجێ بکرێت ئەوا بوونی هاوپەیمانێتیەکە " بۆ ڕۆمانیا و بولگاریا " فراوانتر دەکات.
هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی دێر شبیگڵ بدات. بەڵام فراوانکردنی بوونی سەربازیی هاوپەیمانێتی ناتۆ بۆ بولگاریا و ڕۆمانیا شتێکە کە ئەو دوو وڵاتە داوایان کردووە.
سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ ڕۆژی هەینی وتی هاوپەیمانێتی ناتۆ " هەمیشە هەڵسەنگاندن دەکات بۆ پێویستی ئەوەی دەستکاری پێگە و بوونمان بکەین، لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ناوچەکەش، چونکە دەبێت دڵنیا ببینەوە لەوەی هەمیشە دەتوانین بەرگری لە هاوپەیمانان بکەین و دژی هەر هەڕەشەیەک بیانپارێزین."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز