Accessibility links

لیتوانیا داوای پشتیوانی لە ڕابەرانی ئەوروپا دەکات دژی فشارەکانی چین


سەرۆکی لیتوانیا گیتاناس ناوسیدا لەگەڵ سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین
سەرۆکی لیتوانیا گیتاناس ناوسیدا لەگەڵ سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین

ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی لیتوانیا وتی سەرۆکی لیتوانیا بەنیازە داوای پشتیوانی لە ڕابەرانی ئەوروپا بکات تاوەکو یارمەتی وڵاتەکە بدەن لە ناکۆکییەکانیدا لەگەڵ چین.

ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی لیتوانیا ئاستا سکایسگیریتی وتی " پێمان وایە ئەمە گفتوگۆی لێدەکەوێتەوە لەسەر ئەوەی یەکێتی ئەوروپا و بەتایبەتی کۆمسیۆنی ئەوروپا چۆن دەتوانن یارمەتی لیتوانیا بدەن لەم بابەتەدا."

وتیشی " دەمانەوێت ململانێکە ڕوون بێت بۆ هاوبەشە ئەوروپییەکانمان، هەروەها ڕێوشوێنە ئابوورییەکانیش تا بکرێت فراوانتر بن."

جێی ئاماژەیە پەیوەندییەکانی نێوان لیتوانیا و چین بەهۆی تایوانەوە گرژیی تێکەوتووە، تایوان ئۆفیسێکی نوێنەرایەتی خۆی لە لیتوانیا کردەوە، ئەمەش چینی توڕە کرد و ئاستی دیبلۆماتی لەگەڵ لیتوانیادا لە باڵیۆزەوە کەم کردەوە بۆ بەرپرسی کاروبارەکان.

لەلای خۆشیەوە لیتوانیا دیبلۆماتکارانی لە چین بانگکردەوە بۆ وڵاتەکە، ئەوەش وەکو خۆیان دەڵێن بەهۆی ئەوەوە بووە پێگەی یاسایی دیبلۆماتکارانی لیتوانیا لە چین ڕوون نیە.

لە ماوەی ڕابردوودا وەزیری دەرەوەی لیتوانیا بە ڕۆیتەرزی وت چین داوای لە وڵاتەکە کردووە ناوی باڵیۆزخانەکەی لە چین بگۆڕێت بۆ ئۆفیسی بەرپرسی کاروبارەکان، هاوشێوەی ئەو گۆڕانکارییەی چین کردوویەتی لە باڵیۆزخانەکەیدا لە لیتوانیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG