Accessibility links

سەرۆک وەزیری کوەیت دەست لەکارکێشانەوەی حکومەت پێشکەشی شازادەی وڵاتەکە دەکات


سەرۆک وەزیری کوەیت شێخ سەباح خالید سەباح

سەرۆک وەزیری کوەیت شێخ سەباح خالید سەباح دەست لەکارکێشانەوەی حکومەتەکەی پێشکەشی شازادەی وڵاتەکە شێخ نەواف ئەحمەد جابر کرد، ئەمەش چەند ڕۆژێک پێش ئەوەی سەرۆک وەزیر لەلایەن پەرلەمانەوە لێپرسینەوەی لێبکرێت لەسەر هەڵبژاردنی وەزیرەکانی و کۆمەڵێک بابەتی دیکە.

ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیەی نێوان پەرلەمان و حکومەتی کوەیت دوای تەنها یەک مانگ دێت لە پێکهێنانی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمەش یەکەمین کێشەیە ڕووبەڕووی شازادەی کوەیت دەبێتەوە کە لە مانگی نۆدا دوای ئەوەی شێخ سەباح ئەحمەدی برای کۆچی دوایی کرد دەسەڵاتی گرتەدەست.

پێدەچێت ئەم قەیرانە ببێتە هۆی ئاڵۆزکردنی هەوڵەکانی حکومەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خراپترین قەیرانی ئابووری و دارایی وڵاتەکە کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتەوە دروستبووە.

ڕۆژی سێشەممە وەزیرەکانی حکومەت دەست لەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەشی سەرۆک وەزیر کرد، هۆکاری دەست لەکارکێشانەوەکانیشیان گەڕاندەوە بۆ دۆخی ئێستای پەیوەندییەکانی نێوان ئەنجومەنی نەتەوە و حکومەت، ئەمەش چەند ڕۆژێک پێش ئەوەی پەرلەمانتارانی کوەیت داوای لێپرسینەوەیان لە سەرۆک وەزیر کرد.

هێشتا ڕوون نیە کە ئایا شازادەی وڵاتەکە کە کۆتا بڕیارەکانی کاروباری دەوڵەت لەدەستی خۆیدایە، دەست لەکارکێشانەوەی حکومەت پەسەند دەکات یاخود نا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG